وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزین دەدرێتە بەنزینخانەکان

    

وەزیری سامانە سروشتییەکان بڕیاریدا، مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزین بدرێتە بەنزینخانەکان و کۆمپانیاکان، بە مەرجی کوالێتی پەسەندکراوی لیژنەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە (9ـی ئابی 2023) لە فەرمانێکی وەزاری، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە واژووی کەمال محەممەد ساڵح ،وەزیری سامانە سروشتییەکان بە ” وەکالەت”ـی لەسەرە، کە تێیدا هاتووە، لەسەر داوای پارێزگارەکان و سەرۆکی یەکە ئیدارە سەربەخۆکان، بڕیاردرا، مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزین بدرێتە بەنزینخانەکان کە بتوانن هاوشێوەی کۆمپانیاکانی پەیوەندیدار بەنزین هاوردە بکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەنزینی هاوردەکراو پێویستە بە پێی کواڵیتیی پەسندکراوی لیژنەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێت.

رێککەوتی (2ـی ئابی 2023)، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: “وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی لەم دوو رۆژە دەست بە هەناردە کردنەوەی بەنزین بکەنەوە”.

پێشتر رۆژانە شەش تانکەر بەنزین لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەولێر رەوانە دەکرا، بەڵام 20 رۆژە ناردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان راگیراوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، دوێنێ 1/8/2023 لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو: “وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵەکانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمیی بەنزین چڕ کردەوە، و دوای رێگەپێدان لە 30/7/2023  بۆ هاوردەکردنی بەنزین لەلایەن كۆمپانیاکانەوە، مانگانە 71 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ناو هەرێمی كوردستان هاوردە دەکرێت و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا گرفتی كەمیی بەنزین چارەسەر دەكرێت”.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژە بەوەش کردووە: “بەهۆی ئەوەی حكومەتی عێراق لە 10/7/2023 پشكی هەرێمی كوردستانی لە پێدانی بەنزین بڕیوە، قەیرانی كەمیی خستنەڕووی بەنزینی لێکەوتووەتەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی خواست لەسەر بەنزین”.