یاسای بودجە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

ڕێنوێنیی جێبەجێ کردنی بودجەی گشتیی عێراق لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە، بەوەش یاساکە بە تەواوی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ھەردوو شاندی ھەولێر و بەغدا لەسەر سەرجەم ئالییەتەکانی جێبەجێ کردنی بەند و ماددەکانی پەیوەست بە ھەرێم ڕێک کەوتوون، ئەوەی لەسەر ھەرێم بووە ھەمووی وەک خۆی جێبەجێ کراوە، بۆیە دەبێت لە زووترین کاتدا حکوومەتی فیدراڵی سەرجەم مافە داراییەکانی ھەرێم بنێرێت بەبێ دواکەوتن و ھیچ لێبڕینێک.

ڕۆژی ١٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی پەسەند کرد و ڕۆژی ٢١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ ئیمزا کرد و جەختی کردەوە، پەسەندکردنی بودجە خاڵی وەرچەرخانی حکوومەتە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی، کە بریتییە لە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان، دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و دەستکردن بە پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر واقیعی ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتییان دەبێت.
٧ی ئابی ٢٠٢٣، ڕێنوێنیی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە، کە لەلایەن تەیف سامی، وەزیری داراییەوە ئیمزا کراوە، بەوەش یاساکە بە تەواوی کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
ڕێنوێنییەکە لە ٣٦ ماددە پێکھاتووە و بەسەر حەوت بەشدا دابەشبووە، بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی ساڵی ٢٠١٩ داڕێژراوە، بڵاوکردنەوەی ڕێنوێنیی جێبەجێکردنی بودجەی گشتی لەدوای ئەوە ھات کە ڕۆژی دووشەممە دادگەی باڵای فیدراڵی سەرجەم سکاڵاکانی لەبارەی یاسای بودجە یەکلاکردەوە.
یاسای بودجەی گشتی عێراق لە حەفتا و ھەشت ماددە پێکھاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن و نۆسەد و دە ملیار و سێ سەد و چل و سێ ملیۆن و پێنج سەد و نەوەد ھەزار دینار بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٣ خەمڵێندراوە، کە داھاتی گشتی عێراق بۆ ئەم ساڵ بە سەد و سی و چوار ترلیۆن و پێنج سەد و پەنجا و دوو ملیار و نۆسەد و نۆزدە ملیۆن و شەست و سێ ھەزار دینار داندراوە، بەو پێیە شەست و چوار ترلیۆن و سێ سەد و پەنجا و حەوت ملیار و چوار سەد و بیست و چوار ملیۆن و پێنج سەد و بیست و حەوت ھەزار دینار کورتھێنان لە بودجەدا ھەیە.
ئەوەی لە یاسای بودجە تایبەتە بە پشکی ھەرێمی کوردستان ، بە ڕێژەی١٢.٦٧ جێگیرکراوە و لە ماددەکانی ١١، ١٢ و ١٣ و جەخت لەسەر ھەناردەکردنی چوار سەد ھەزار بەرمیل لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا کراوەتەوە، ئەگەر ھەناردەش نەکرا بە ھەر ھۆکارێک، ئەوا لە ناوخۆ ئەو بڕە نەوتە بەکار دەھێندرێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێ: ھەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ کردووە، ھیچ پاساو و بیانۆیەک لەبەردەم بەغدا نەماوە کە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی لەمە زیاتر دوا بخات، بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ، ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە بنێرێت.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: وەزارەتی دارایی ڕێنماییەکانی ئاسانکاریی تایبەت بە جێبەجێکردنی بودجەی گشتی عێراق بڵاوکردەوە و بودجەی گشتی چووە بواری جێبەجێکردنەوە.