سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: کشتوکاڵ دەبێتە بڕبڕەی کوردستانێکی بەهێزتر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، “کشتوکاڵ دەبێتە بڕبڕەی  کوردستانێکی بەهێزتر” و پڕۆگرامی راهێنانی نیشتمانیش سوودی بۆ هەزاران جووتیاری کوردستان دەبێت.

 ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس”ـدا ئاماژەی بەوە داوە، پڕۆگرامی راهێنانی نیشتمانی  سوودی بۆ هەزاران جووتیاری هەرێمی کوردستان دەبێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، “کشتوکاڵ دەبێتە بڕبڕەی کوردستانێکی بەهێزتر”.

وەکو ئەوەی لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، پڕۆگرامی راهێنانی نیشتمانی دەبێتە هۆی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان، زیاتر پابەندبوون بە ستانداردە جیهانییەکان و بەستنەوەی جووتیارانی کوردستان بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.

هەناردەکردنی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئیمارات

ئەم پەیامەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 7ـی ئابی 2023، لە هەولێر رێوڕەسـمی واژووکردنی گرێبەستی هەناردەکردنی بڕی پێنج هەزار تۆن پەتاتەی پیشەسازی لە نێوان وەبەرهێنەران و بازرگانانی بەروبوومی پەتاتە لە هەرێمی  کوردستان و بازرگانانی وڵاتی ئیمارات بەڕێوەچوو. لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەی واژووکراوە، هەفتانە 500 تۆن پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان رەوانەی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو دەکرێن.

پێشتریش و لە رۆژی دووشەممە 31ـی تەمموزی 2023، لە ڕێگەی هەشت کۆنتێنەرەوە، 300 تۆن پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێم هەناردەی وڵاتانی کەنداو کران و، وەکو خۆی باسی کرد، لەو هەشت کۆنتێنەرە، سێ کۆنتێنەر لە وڵاتی عومان و پێنج کۆنتێنەریش لە وڵاتی ئیمارات فرۆشران.

هەر لەوبارەوە، بەشار موشیر، خاوەنی کۆمپانیای وەبەرهێنان لە بواری بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی پەتاتە بە سەرچاوەیەکی راگەیاند، زنجیرە چێشتخانەکانی کەی ئێف سی و هاردیز لە وڵاتانی کەنداو داوای پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی پەتاتەی کوردستان بۆ ئەو چێشتخانە براندە جیهانیانەش دابینبکەن.

پاڵپشتیی کابینەی نۆیەم بۆ کەرتی کشتوکاڵ

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سێکتەری کشتوکاڵ و جووتیاران پەرەسەندنێکی زۆری بەخۆوە بینیووە، قەبارەی وەبەرهێنان لەو سێکتەرە لە 1.8%ـەوە بەرزبووەتەوە بۆ 8%ـی کۆی پڕۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

لە چوار ساڵی رابردوودا دوو هەزار و 173 پڕۆژەی کشتوکاڵی جێبەجێکراون، 30 هەزار خانووی پلاستیکی دروستکراون، حەوت کارگەی بەرهەمهێنانی زەیتوون، 11 پڕۆژەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی قارچك، کارگەیەکی گەورەی چپس و فینگەر دروستکراون، لەم پڕۆژانە جگە لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەلی کاری بۆ زیاتر لە 15 هەزار دەستی کاری ناوخۆیی رەخساندووە.

لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، 24 هەزار و 410 بیری ئاو هەڵکەندراون بە جۆرێك لە هەولێر، نۆ هەزار و 315 بیری ئاو، لە دهۆک، سێ هەزار و 615 بیری ئاو، لە سلێمانی، نۆ هەزار و 686 بیری ئاو و لە گەرمیانیش هەزار و 796 بیری ئاو لێدراون.

هەروەها لە چوار ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەمدا، خەمە گەورەکەی جووتیاران رەوێندرایەوە ئەویش بە دروستکردنی گەورەترین پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران کە بەهۆیەوە هەرێمی کوردستان بووە خاوەنی 12 سایلۆی نوێ و 27 پەنکەر بە توانای عەمبارکردنی 841 هەزار تۆن گەنم.