سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: پێویستە هەڵبژاردنی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق بە پێویستی دەزانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا لە 25 شوبات ساڵی داهاتوو بکرێت و دوانەخرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کرد.

رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان. دڵشاد شەهاب ئەوەشی خستەڕوو، دیاریکردنی ئەو رۆژە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، “کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە و بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان” بووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و  باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق جەختیان لەوە کردووەتەوە، “پێویستە” هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و دوا نەخرێت.