هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو یاسایە بنەمای چارەکردنیکێشەکان بێت

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

شاندی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لەبارەی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز کە ئێستا عێراق خەریکی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ئەو پڕۆژەیاسایەیە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت پێگە و ڕۆڵی خۆی هەبێت لە دانانی ڕەشنووسەکە کە ئەگەر ببێتە یاسا چاوەڕێ دەکرێت بەشێک لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەت لەسەر نەوت چارە بکات .

چەند ڕۆژێکە شاندی کوردستان لە بەغدایە بۆ کۆبوونەوە و تاوتوێی کۆمەڵێک پرس تایبەت بە یاسای نەوت و گاز، شاندی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕەشنووسەکە، کۆبوونەوەیەکەی فراوانی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق کرد.
لەو کۆبوونەوەدا بەغدا و هەولێر وەکو دوو بەرهەمهێنەری سەرەکیی نەوت لە عێراق، ڕۆڵیان دەبێت لە داڕشتنی ڕەشنووسەدا، هەروەها پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتیش بە هەمان شێوە بەشدارییان کرد بۆ تاوتوێی وردەکارییەکانی ئەو پرسە .
دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەسەر ئەوە، ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەولێر و بەغدا باسی لە بڕیاری پێکهێنانی ژمارەیەک لیژنە کرد، بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی تایبەت و وەرگرتنی داتا لە وەزارەتەکانی نەوت و سامانە سرووشتییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی کۆتایی یاسای نەوت و گاز.
حکوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای نەوت و گاز بە ستراتیجی دادەنێت و دەیەوێت لە تەمەنی ئەو کابینەیەدا پەسندی بکات، بەڵام ئەوەش بێ ئاستەنگ نییە چونکە کۆمەڵێک لایەن، پێشتر بەربەستیان بۆ دەرکردنی یاسای لەو شێوەیە دروست کردووە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان زیاتر لە 15 ساڵە داوا دەکات ئەو یاسایە دەربچێت و ببێتە بنەما بۆ چارەی کێشەکانی نێوانیان.
بەپێی ڕاگەیەنراوی دوایین کۆبوونەوە، هەردوولا باسیان لە گرنگی و ئامانجەکانی یاسای نەوت و گاز و پێویستیی تەواوکردنی لە زووترین ماوەدا بە بەشداریی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و نوێنەرانی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
چەند ڕاسپاردەیەکیشیان دەرکرد و وا بڕیارە لیژنەکان ڕاپۆرتی خۆیان لەوبارەوە ئامادە بکەن .لە ساڵی 2007ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە ڕەشنووسی ساڵی 2007، ساڵانی 2008 و 2011 دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەرلەمان پەسند نەکران.
شوباتی ئەمساڵ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بە “نادەستووری” لە قەڵەم بدات، کە لە ساڵی 2007 لە پەرلەمانی کوردستان پەسندکراوە، ئەوە جگە لە ناچارکردنی هەرێمی کوردستان بە ڕادەستکردنی بەرهەمی نەوتی بە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق.
بەپێی دەستووری عێراق، دەبێ داهاتی نەوت و گاز دادپەروەرانە دابەشبکرێتە سەر هەموو دانیشتوانی عێراق، بەڵام بەغدا ئەوەی نەکردووە چەندین ساڵە بە ناتەواوی بودجەی کوردستانی دەنێرێت و شایستەی کوردستان زیاترە لەوەی دەینێرێت .
دەستوور بە ڕوونی لە ماددەکانی 112 و 115ـی ماف دەداتە هەرێمی کوردستان کە سیاسەت و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بەڕێوە ببات.