دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ١٨ ساڵ خزمەتی مرۆیی و بەهاناچوونی کوردستانیان

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەژدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆی دەکاتەوە، لەو ماوەیەدا لە هەموو پارچەکانی کوردستان بێجیاوازی بەردەوام بووە لە پێشکەشکردنی خزمەتی مرۆیی بۆ کوردستانیان، تەنانەت بۆ وڵاتانی دراوسێ لەکاتی لێقەومان و تەنگانەدا.

ڕۆندک فارس، بەرپرسی کاروباری دارایی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم دیمانەدا باس لە شێوازی کار کردن و چۆنیەتی ئەو هاوکارییانە دەکات کە دەزگاکە لە ڕابردوو و ئێستەدا پێشەکەشیان دەکات.

  • دەزگای خێرخوازی بارزانی چییە ؟
  • دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەزگایەکی ناحكومیی و ناسیاسی و قازانجنەویستە، له ساڵی ٢٠٠٥ له هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان – عێراق دامەزراوە و بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگاكەیە. لە ژێر وتەیەكی مستەفا بارزانی كە دەفەرموێت “شانازییه بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت” دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستی بە كار كردووە، مۆڵەتی كاركردنی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و و عێراق وەرگرتووە. هەروەها له وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەساڵی ٢٠١٦ مۆڵەتی كاركردنی پێ دراوە.
    له كۆبوونەوەی مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٦ـی ئەنجوومەنی كارگێڕی و هەماهەنگی نەتەوەیەكگرتووەكان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەك ئەندامی ڕاوێژكاری له ئەنجوومەنی ئابووری و كۆمەڵایەتی ECOSOC قبوڵ كرا و لە مانگی ٨ ی ساڵی ٢٠٢٠ مۆڵەتی کارکردنی لە بەریتانیا پێ دراوە.
    ئێستە بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و کۆمیسیاری باڵای پەنابەران سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئیدارەی ٣٠ کەمپ لە هەرێمی کوردستان دەکات.
    دەزگای خێرخوازیی بارزانی کارو پڕۆژەکانی لە چوارچێوەی ١٠ سێکتەری نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکات و ساڵانە پڕۆژەی جودا پێشکەش بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی کوردستان دەکات. سوودمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێکدێن لە ئاوارە، پەنابەر و خەڵکی خۆجێی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتی وڵاتانی تر.
  • چالاکییەکانتان چین؟
    -چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەمەچەشنن و بە گوێرەی ستاندارە جیهانییەکانی(Sustainable Development Goals) کار دەکات. پڕۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشێکیان لە ڕێگەی هاوبەشەکانی دەزگاوە ئەنجام دەدرێن، بەشێکی تریان لە ڕێگای بەخشەری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێت. هاوکات بەشێکی تری چالاکییەکان دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەی هەماهەنگی دەکرێن، واتە بەردەوام ویستوومانە پردی پێوەندی بین بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ئەو چین و توێژانەی پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە، لە ڕێگەی بەخشەر و خوداپێداوانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان.
  • هاوکارییەکانتان تەنیا لە سنووری هەولێر و دهۆک دابەش دەکرێت، یاخود هاوکارییەکان لە شار و شارۆچکەکانی تریش دابەش دەکرێت؟
  • دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەزگاییەکی نێودەوڵەتییەوە و ئامانجیەتی هاوکاری مرۆیی بگەیەنێت بۆ سەرجەم ئەو ناوچانەی پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە. هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سنوورەکانی تێپەراندووە، جگە لەوەی ئۆفیسی لە زۆربەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە. لە ماوەی ١٧ ساڵی کارکردنیدا، توانیومانە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بگەیەنین بە وڵاتانی”ئوسترالیا و بەریتانیا” لە وڵاتی سربیا سەنتەرێکی پەروەردەیمان کردۆتەوە، دەزگا لە وڵاتی بەنگلادش لە ڕێگەی بنکەیەکی تەندروستییەوە خزمەتی بە خەڵکی ئەو وڵاتە کردووە. هاوکات لە یەمەن کە ئێستا لە دۆخێکی مرۆیی سەختدایە، خواردن و پێداویستی ترمان پێشکەش بە خەڵکی ئەو وڵاتە کردووە.
    دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سوودان و لوبنان و سووریا و سعوودیە، پرۆژەی گرنگی کردووە. لە تورکیا و سووریا یەکێکن لەو وڵاتانەی پرۆژەی فراوانی لێ کردوون، بە تایبەت لە دوای ڕووداوی بومەلەرزەی باکووری کوردستان و ڕۆژئاڤا. ئێستایش پرۆژەکانمان لەو دوو وڵاتە بەردەوامیان هەیە و لە عەفرین ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی ئەو ناوچانە.
    نوێنەرایەتیەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا و بەریتانیا لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ فراوانکردنی کارەکانی دەزگا لەگەڵ کوردانی دیاسپۆرا و خزمەتکردنی زیاتری کاری مرۆیی لە دەرەوەی کوردستان.
  • هاوکارییەکانتان لە چی پێک دێت؟
  • لە ماوەی ١٧ ساڵی ڕابردوودا لەسەر سەرجەم سێکتەرەکانی کاری وەکو، ئاسایشی خۆراک و ئاو و ئاوەڕۆ و پەناگە و پەروەردە و پەرەپێدان و ژیانەوانی و هاوکاریی نەختێنەیی و پاراستن و تەندورستی و کەلوپەلی ناخۆراکی و هەماهەنگی و بەڕێوەبردنی کەمپ، کاری کردووە، دەیان پڕۆژەی جۆراوجۆری لەو بوارانەدا کردووە؛ بە نموونە لە سێکتەری خۆراکدا لە ماوەی تەمەنی کارکردنیدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی زیاتر لە حەوت سەد و حەفتا و حەوت هەزار تەن خۆراکی وشکی دابەش کردووە، جگە لەوەی زیاتر لە چواردە ملیۆن ژەم خۆراکی گەرمی بۆ خەڵکی لێقەوماو ئامادە کردووە.سێکتەری پەروەردە بوارێكی گرینگی کاری دەزگایە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ قوتابخانەی نۆژەنکردۆتەوە و ئێستەش بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتری پەرەوەردە بۆ فێرخوازانی کوردستان.
    سێکتەری هاوکاری نەختێنەیی پرۆژەیەکی گرنگی دەزگایە، لە ١٧ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە بیست و چوار ملیار دیناری عێراقی دابەشکردووە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی مانگانە هاوکاری زیاتر لە بیست و دوو هەزار منداڵی بێ باوک دەکات و لە ساڵی ٢٠١٢ تا ئێستا زیاتر لە حەفتا ملیۆن دۆلار پێشکەش بە منداڵانی بێ باوک کراون.
    هەروەها لە سێکتەری تەندورستی هاوکاری و پڕۆژەی جودا جێبەجێ دەکات، دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێنچ بنکەی تەندورستی بنیاد ناوە و هەر لەو بوارەدا نەخۆشخانەی نۆژەنکردۆتەوە و لە ئێستادا لەگەڵ ڕێکخراوێکی ئەڵمانیا بە گوژمەی سی ملیۆن دۆلار پڕۆژەیەکی هاوبەش جێبەجێ دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری کەرتی تەندورستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.
    لە سێکتەری پەناگەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی خزمەتی فراوانی کردووە و شوێنی مانەوەی بۆ کەسانی لێقەوماو ئامادەکردووە، پڕۆژەکانمان لەو بوارەدا بەردەوامن و لە ماوەی ڕابردوودا جگە لە دروستکردنی کەمپ بۆ ئاوارەو پەنابەران، لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا زیاتر لە ٤٢٠ خانووی بۆ خانەوادەی شەهیدان دابینکردووە.
  • لە هاویندا کێشەی کەمیی ئاوهەیە، ئێمە گەر هەولێر بە نموونە بێنینەوە، لەکاتی بێئاوی چۆن و بەچی بەشێوەیەک ئاو دەگەیەننە ئەو ماڵانەی بێئاون؟
  • کێشەی ئاو و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، کێشەی جیهانین، وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پلانێکی ستراتیجی کار بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەش و هەوا دەکەین، بێشک کێشەی کەمیی ئاویش یەکێکە لەو گۆڕانانە. وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕامان وایە، دابەشکردنی ئاو بە تەنیا بەس نیە بۆ بنبڕکردنی کێشەی بێئاوی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر، چونکە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە هەڵکشانی بەردەوامدایە و پێویستە بە پلان و قۆناغبەندی کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە ژینگەیانە و کێشەی کەمی ئاو بکەینەوە.
  • دەزگای خێرخوازی بارزانی کۆڕ و سیمیناری تایبەت ڕێکدەخات، ئایا کاریگەری ئەرێنی کردۆتە سەر هۆشیارکردنەوەی گەنج؟
  • کارە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەرجەم بوارە مرۆیەکاندا فراوانن، بێشک گەنج و لاو یەکێكن لەو توێژەی کۆمەڵگا کە دەزگا هەوڵ دەدات بەردەوام پرۆژەی ستراتیجی بۆ خزمەتکردنی زیاتری گەنج ئەنجام بدات. وەک باسمان کرد ئێمە لە چوارچێوەی سەنتەرەکانی ڕاهێنان وپیشەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گرنگی تایبەت بە توانا و بەهرەکانی گەنجانمان دەدەین. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان ڕێژەی زۆری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان گەنجن. کەواتە داینەمۆی پێشکەوتنی وڵاتەکەمان گرینگیدانە بە بەهرە و توانا و بیروکەو پرۆژەکانی گەنجان.
    جیهانی پۆست مۆدێرن لە پێشکەوتنی بەردەوامدایە و گۆڕانکاریە تەکنەلۆجییەکان، پێویستاین بە پێگەیاندنی گەنجی بەهرەمەند هەیە بۆ ئەوەی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ گۆڕانە خێراکاندا. بۆ ئەو مەبەستە ئێمە لە ماوەی ڕابردوودا توانیومانە پردێکی پتەوی پێوەندی بین لە نێوان فێرخوازانی زانکۆ و بازاری کاردا، جگە لەو پڕۆژانەی بۆ گەنجان ئەنجامی دەدەین، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خۆبەخش لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی کاردەکەن و دوای ئەزموونی کارکردنیان لە دەزگا، توانیویانە سەرکەوتووانە لە نێو کۆمەڵگادا کار لە بوارەکانی خۆیاندا بکەن.
  • پلانی ئەمساڵی دەزگای خێرخوازی باررانی چییە؟
  • پلانی کاری دەزگا فراوانە و هەمیشە جیاوازتر لە هەر ڕێکخراوێکی تر، توانیومانە هەر شوێنێک پێویستی بە هاوکاری هەبێت لەوێ بین. لەم ساڵدا لە پلانماندایە هاوکاری زیاتری خەڵک بکەین، بێشک دوای ئەوەی گۆڕانە سیاسی و ئابوورییەکان کاریگەری زۆری کردۆتە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک، هاوکات خزمەتکردنی زیاتری خانەوادەی شەهیدان لە پێشینەی پلانی ئەمساڵی کارەکانمانە. ئەمساڵ پرۆژەکانی سێکتەری پەروەردە زۆرترین پارەی بۆ تەرخانکراوە و بایەخدان بە پرۆژە ژینگەیی و کشتوکاڵییەکان فراوانترن بەراورد بە ساڵەکانی تر. کاری زیاتر بۆ پێگەیاندنی گەنجان و پتەوکردنی پردی پێوەندی نێوان کارخواز و بازاری کار دەکەین. لە کۆتاییدا مرۆڤ لە هەر کوێیەک پێویستی بە ئێمە هەیە، ئێمە لەوێ دەبین.