کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەبێتە فرەلیست

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ڕۆژی ١شەممەی ڕابردوو، دوایین وادە بوو بۆ تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت، بەڵام ٢٤ سەعاتی تر درێژکرایەوە و ئەمڕۆ دەرگای تۆمارکردن دادەخرێت. بەشداری کورد لەم هەڵبژاردنە پەرتەوازەییەکی زۆری پێوە دیارە و سەرەڕای ئەوەی داوایەکی زۆر هەبوو، کورد لە کەرکووک بە یەک لیست بەشداری بکات بەڵام نەک دوو لیست بگرە بە فرەلیست بەشدارە و ترس هەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر کورسییەکانی کورد هەبێت.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ڕای گەیاند ژمارەی هاوپەیمانێتییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق گەیشتووەتە ٣٧ و نزیکەی ٣٠٠ حزب لە هەڵبژاردنەکەدا بەشداری دەکەن. ئەو ژمارەیە کاتێک ڕاگەیەنرا کە چەند سەعاتێکی مابوو ماوەی تۆمارکردن بەسەربچێت و چاوەڕوان دەکرێ ژمارەی لیست و هاوپەیمانی و حزبەکان بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕۆژێکی تر درێژ کرایەوە بەرز ببێتەوە.
جێی باسە لە سەرەتای مانگی تەمووزەوە تۆمارکردنی هاوپەیمانیی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستی پێکردبوو کە دەبوایە دوای ٣٠ رۆژ دەرگای تۆمارکردن دابخرێت، بەڵام دواتر کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن هەفتەیەکی درێژ کردەوە و بڕیاری دا ٦ی ئاب بکرێتە دوایین وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان.
دوایین جار کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی لە عێراق کرابێت بۆ ١٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنەکە کە ساڵی ٢٠١٣ بەڕێوەچوو پارێزگای کەرکووک بەشدار نەبوو.
لەوەتەی عێراقی فیدراڵی دامەزراوە لە کەرکووک تەنیا یەک جار هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچووە کە ئەویش لە ساڵی ٢٠٠٥ بوو و تێیدا کورد زۆرینەی کورسییەکانی مسۆگەر کرد و بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی یاسایی ئیدارەی پارێزگاکەی بەدەستەوە گرت.
ئەو کات لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد و بۆیەش کورد سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا. لە هەڵبژاردنەکە کورد لە کۆی ٤١ کورسی، لە چوارچێوەی لیستی برایەتیدا ٢٦ کورسی بەدەست هێنابوو.
کورد تا ساڵی ٢٠١٧ ئیدارەی پارێزگاکەی بەدەستەوە بوو و یەکێتی و پارتی و لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستان بە هاوبەشی پارێزگاکەیان بەڕێوە دەبرد. ئەو دۆخە بەردەوام بوو تا ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەری بەداوادا هات کە بەهۆیەوە ئیدارەی پارێزگاکە لە کورد ستێنرایەوە و تەنانەت پاشەکشە بە پێشمەرگەش کرا و کورد ئیدارەکردنی پارێزگاکەی لەدەست دا.
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیارە هەڵبژاردن بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوە بچێت و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو سیستمەش ئەوەیە حزبە بچووکەکان چانسی دەستخستنی کورسییان زۆر کەم دەبێ و بە گشتی سیستمەکە لە قازانجی لیستە گەورەکاندایە و بۆیەش ئەگەر کورد بە یەک لیست و تەنانەت ئەگەر بە دوو لیستیش بەشداری کردبا باشتر بوو لەوەی بە فرەلیست بەشدار بێت.
ڕاستە پارێزگارێکی عەرەب بەسەر کەرکووکدا سەپاوە، بەڵام هێشتا لە ڕووی یاساییەوە ئیدارەی کەرکووک نەکەوتووەتە دەستی عەرەب و ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەوان ببنە زۆرینە ئەوا کورد زیانێکی زۆری بەردەکەوێت.
جێی باسە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەر یەک لە دهۆک، هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە بەشدار نین و بەگشتی لە پارێزگاکانی تر زیاتر لە ٢٣٣٦٨٠٠٠ کەس مافی بەشداریکردن لە دەنگدانیان هەیە.
کورد لە کەرکووک دەبێ ئومێدی ئەوە بخوازرێ دوای هەڵبژاردن، کورسییەکانی کورد یەک بگرنەوە و بەیەکەوە لە دانوستانەکان و ئیدارەدانی پارێزگاکە بەشداری بکەن و مەترسی ئەو کاتە زیاتر دەبێ کە هاوشێوەی پەرلەمانی عێراق، لە کەرکووکیش لیستە کوردییەکان لە جیاتی هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکتر لەگەڵ لایەنی عەرەب بکەونە هاوپەیمانێتییەوە.