ورده‌كاری سکاڵاكه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی لە دژی ژمارەیەک ماددە له‌ یاسای بودجەی گشتی عێراق

دادگای فیدراڵی وەڵامی سکاڵایەکی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق دایەوە و بڕیاری بە نادەستووریبوونی دوو بڕگەی ماددەکانی 11 و 13 و دەستووریبوونی چەند بڕگە و ماددەی دیکەی هەمان یاسا دا.

دادگای فیدراڵی بڕیاری نادەستووریبوونی هەردوو دەستەواژەی (بە رەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق) لە بڕگەی یەکەمی ماددەی 11ـی یاسای بودجەی عێراق و دەستەواژەی (لەکاتی چارەسەرنەکردنی کێشەکان، پەرلەمانی عێراق بڕیاری پێویست دەدات) لە بڕگەی حەوتەمی ماددەی 13ـی هەمان یاسا دا.

لە بڕگەی یەکەمی ماددەی 11ـی یاسای بودجەدا هاتووە: ئەگەر  بەغدا و هەولێر لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە بودجە نەگەیشتنە رێککەوتن، سەرۆکوەزیرانی عێراق (محەممەد شیاع سوودانی) لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێکدەهێنێت، بەڵام بە گوێرەی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، ئەو بڕگەیە نادەستوورییە.

هاوکات بەگوێرەی بڕگەی حەوتەمی ماددەی 13ـی یاسای بودجە؛ ئەگەر هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی رەوانەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم نەگەیشتنە رێککەوتن، پەرلەمانی عێراق بڕیاری پێویست لەوبارەوە دەدات، بەهەمان شێوە بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەو بڕگەیەش نادەستوورییە و پێویست ناکات هەولێر و بەغدا  بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بگەڕێنەوە پەرلەمانی عێراق.

دادگا بڕیاری بە دەستووریبوونی ژماره‌یه‌ك مادده‌ی دیكه‌ی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 دا.

سکاڵاکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رۆژی 15ـی تەممووزی 2023 لە دژی (بڕگەکانى یەکەم و دووەمى ماددەى 11، سێ خاڵى بڕگەى دووەمى ماددەى 12، بڕگەى حەوتەمى ماددەى 13، خاڵى (ب) لە بڕگەى هەشتى ماددەى ، لقی (ب)ـی خاڵى پێنجى بڕگەى یەکى ماددەى دوو) تۆمارکرابوو.

رۆژی 12ـی تەممووزى ،2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا “بە شێوەیەکى کاتى” کارکردن بە شەش بڕگە و ماددەى یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 رابگیرێت تا ئەو کاتەی سکاڵایەکی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دژی ژمارەیەک بڕگە و ماددەی یاساکە یەکلادەکرێتەوە.

یاسای بودجەى گشتی عێراق بۆ سێ ساڵە (2023، 2024 و 2025) و لە رۆژی 12ـی حوزەیرانی 2023، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسەند کرا. رۆژی 26ـی حوزەیران، یاساکە لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە. کۆی گشتیی بڕە پارەی یاساکە 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی 12.67 کە دەکاتە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار، دیاریکراوە.