نێچیرڤان بارزانی جه‌خت له‌ پاراستنى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان ده‌كاته‌وه‌

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رۆكی هه‌رێم و کۆمسیاری باڵای نەتەوە‏یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، دۆخى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان، زه‌مينه‌ى كار و چالاكيى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ئازاديى راگه‌ياندنیان تاووتوێكرد.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ (دوو‌شه‌ممه‌ 7ـی ئابی 2023) نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ ڤۆلکەر تورک کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و شاندێکی یاوەری كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا تيشكخرايه‌ سه‌ر ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌يان‌ كه‌ يه‌كه‌م جاره‌ دێنه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها دۆخى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان، زه‌مينه‌ى كار و چالاكيى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ئازاديى راگه‌ياندن و راده‌بڕين و كارى رۆژنامه‌وانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ده‌ر‌فه‌ت و كێشه‌كانى، تاووتوێكران.

له‌مباره‌يه‌وه‌ كۆميسارى باڵاى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، وێڕاى باسكردن له‌ به‌رنامه‌ و ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى، چه‌ند سه‌رنج و تێبينييه‌كى ده‌رباره‌ى هه‌ندێ له‌ بواره‌كانى دۆخى مافى مرۆڤ و پرسى ئازادييه‌كان و كارى رێكخراوه‌ مه‌ده‌نييه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان خسته‌ڕوو.

لاى خۆيه‌وه نێچيرڤان بارزانى، وێراى ئه‌وه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، پابه‌نديى هه‌رێمى كوردستانى به‌ پاراستن و به‌ره‌وپێشبردنى ديموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ و ئازادييه‌كان و ئازاديى راده‌ربڕين و يه‌كسانى و دادپه‌وه‌رى دووپاتكرده‌وه‌.

داواشیكرد، دامه‌زراوه‌كانى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان تايبه‌ت به‌و بوارانه‌، وه‌ك هاوبه‌شێك هاوكارى و يارمه‌تى پێشكه‌ش به‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن، به‌تايبه‌تى كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ قۆناغى راگوزه‌ردان و پێويستييان به‌ يارمه‌تى و پشتگيرى هه‌يه‌ بۆ بره‌ودان به‌و بوارانه‌.

پێشتریش ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندبوو، ڤۆلکەر تورک، کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان گه‌یشتووه‌ته‌ عێراق و سه‌ردانه‌كه‌ 3 رۆژ ده‌خایەنێت.

سه‌حاف گوتبوی: ڤۆلکەر سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كات و له‌وێ له‌گه‌ڵ به‌رپرسان كۆده‌بێته‌وه‌.