مەسرور بارزانی لەگەڵ کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ کۆبووەوە

ئه‌مڕۆ دووشەممە (7ـی ئابی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڤۆلکەر تورک، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە.

وەک لە راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە گەلی کوردستان، لە درێژایی مێژوودا، دووچاری چەندین کۆمەڵکوژی و جێنۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی بووەتەوە و قوربانییەکی زۆری لە پێناو بەدەستهێنانی مافە رەواکانی داوە، بۆیە زۆر بە گرنگییەوە لە پرنسیپەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و  بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی دەڕوانێت.

لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی داوایکرد کۆتایی بە پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کوردستان بێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتی هەرێمی کوردستان بدات بۆ دەستەبەرکردنی “مافە رەواکانمان و پێویستە رێگە بگرن لە دووبارەبونەوەی کارەسات و جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان”.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییە گشتگیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بە تایبەتی پلانی  پەسەندکراوی پێنج ساڵەی حکومەتی هەرێم تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و توندڕۆیی و بەتایبەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان.

مەسرور بارزانی لەو دیدارەدا دووپاتیکردەوە، کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و  پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

لەلای خۆیەوە کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، سوپاسی هاریکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەتی لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ .

بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتە نەرێنییە هەمەلایەنەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە سەر ژیانی مرۆڤ و برەودان بە هوشیاریی ژینگەپارێزی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.