حیزب و لایەنەکان پێشوازی لە دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەرچەندە دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دەستەڵاتی سەرۆکی ھەرێمدایە، بەڵام سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەیویست ئەو وادەیە بە ھەماھەنگی ھەموو لایەنەکان بێت، بۆ ئەوەی ھەمووان پابەندبن بە کردنی ھەڵبژاردن لەو وادەیەی دیاری دەکرێت. دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا ڕۆژی ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٤ وەک ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئەنجامدانی ڕێکارە پێویستەکان.

ڕۆژی ١٩ـی تەمموزی ٢٠٢٣، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کرد ڕۆژی ١٨ـی شوباتی ٢٠٢٤ یان ڕۆژێکی دوای ئەو ڕێکەوتە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ناتوانن ھەردوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لەیەک کاتدا بەڕێوە ببەن.
ئەو وەڵامەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دوای ئەوە ھات کە ڕۆژی ١٠ـی تەمموزی ٢٠٢٣، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و ئاماژەی بەوەکرد بەپێی فەرمانی ھەرێمیی ژمارە ٩٠ لە ٢٦ـی ئاداری ٢٠٢٣، بڕیاردراوە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی ١٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە داوای کردووە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنی عێراق ئامادەیی نیشان بدات بۆ سەرپەرشتیکردنی ھەڵبژاردن لەو ڕۆژەدا، یاخود لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣.
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت کە لە ساڵی ٢٠١٣ ھەموارکراوەتەوە و پەرلەمانی کوردستان لە سەد کورسی گشتی و یازدە کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەکانی تورکمان و کریستیانەکان پێکھاتووە.
شێوازی ھەڵبژاردن بەپێی ئەو یاسایە بە دەنگدانی نھێنی ڕاستەوخۆ بەپێی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار دەکرێت و ھەر لیستێکی ھەڵبژاردنیش نابێت ڕێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە ٣٠% کەمتربێت و تەمەنی ڕێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ٢٥ ساڵە.
لەبارەی کورسی کۆتاکانیش، بەپێی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکھاتەکانی کلدان، سریان، ئاشووری تەرخان دەکرێت و پێنج کورسی بۆ پێکھاتەی تورکمان و یەک کورسی بۆ پێکھاتەی ئەرمەن، کە پاڵێوراوانی ئەو پێکھاتانە لەسەر کورسی تەرخانکراو کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
ھاوکات بانگەشەی ھەڵبژاردن دوای ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی پەسەندکردنی لیستەکان لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانەوە دەستپێدەکات و تا ٤٨ کاتژمێر پێش دەستپێکردنی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییدێت.
ماوەی خولی پەرلەمانی وەک لە یاساکەدا ڕوونکراوەتەوە، چوار ساڵە و لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ھەڵبژێردراو دەستپێدەکات، کە تێیدا ئەندامانی نوێی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن و لە دوا دانیشتنی خولەکە لە ساڵی چوارەم کۆتاییدێت.
خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٣٠ـی ئەیلوولی ٢٠١٨ کرا، ڕێژەی بەشداریکردن گەیشتە ٥٩% و لە کۆی بیست و نۆ لیستی بەشداربوو، شازدە لیست توانییان کورسی پەرلەمانی بە ڕێژەی جیاواز بەدەستبھێنن و پارتی دیموکراتی کوردستان بە چل و پێنج کورسی لە پلەی یەکەم و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بیست و یەک کورسی لە پلەی دووەم و بزووتنەوەی گۆڕان بە دوازدە کورسی لە پلەی سێیەم ھاتن و ئەو سێ لایەنەش وەک سێ لیستی زۆرینەی پەرلەمانی کورستان، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکھێنا.
دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێ: ھەوڵماندا لە نزیکترین وادە ھەڵبژاردن بکرێت، چونکە ھەرێمی کوردستان لە بۆشاییەکی یاساییدایە، دوای ئەوەی درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکرایەوە و ھەوڵماندا بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئەو بۆشاییە یاساییە پڕبکەینەوە، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی لەو وادەیەی پێشتر کە ١٨-١١-٢٠٢٣ بوو ھەڵبژاردن بکرێت، بەڵام لەڕووی تەکنیکییەوە بۆ کۆمیسیۆن گونجاو نەبوو، ھەوڵێکی دیکەمان ئەوەبوو لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، بەڵام دیسانەوە بە ھەڵسەنگاندنی کۆمیسیۆن لەڕووی تەکنیکی نەدەکرا ھەردوو ھەڵبژاردن پێکەوە بکرێت، دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە و بە ڕاوێژ لەگەڵ ھەموو لایەنەکان، ڕێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی ئەو ڕۆژە بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ڕوونیکردەوە، دڵنیاییان وەرگرتووە کە ماوەی یاسایی کارکردنی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان درێژدەکرێتەوە لەسەر بنەمای ئەوەی بەڵێنێک وەرگیراوە بەشێوەی یاسایی ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆن درێژبکرێتەوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دەشڵێ، بەپێی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پەسەندکردنی ئەنجامەکان لە دەسەڵاتی دادوەریدایە نەک کۆمیسیۆن، بۆیە دوای سەرپەرشتیکردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەگەر ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنیش تەواوبێت کێشەیان نابێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەر زوو ئامادەیی خۆی بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیشاندا، ھاوار محەممەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی، دەڵێت: پێشوازی لە دیاریکردنی کاتی ھەڵبژاردن دەکەین و ھەوڵدەدەین لەو ھەڵبژاردنە پێگە و کورسییەکانمان زیاتر بکەین.
ھاوار محەممەد، ئاشکراشی دەکات، پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەد کاندیدی دەبێت و لەسەدا ٣٠ی ئەو ژمارەیەش ئافرەت دەبن.