لەمەودوا هاووڵاتیان دەتوانن بەشێوەی ئەلیکترۆنی سکاڵاکانیان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران بکەن

بەئەلیکترۆنیکردنى سیستەمى سکاڵاى هاووڵاتیان، هەنگاوێکى جێبەجێ کراوی دیکەی حکوومەتى هەرێمی کوردستانە، کە لە کارنامەکەى خۆیدا بەڵێنى دابوو، بۆ بە دامەزراوەییکردن و کەمکردنەوەى کاغەز و ڕۆتین و بەرزهەڵسەنگاندنى ماف و کاتى هاووڵاتیان.

د. ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران، سەبارەت بە بیرۆکەی گۆڕینى سیستەمى سکاڵا، دەڵێت: بەپێی یاسا و پێڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران، ئەرکی وەرگرتنی سکاڵا لە هاووڵاتیان و داوودەزگاکان یان فەرمانبەران، ئەرکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانە. لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، ئەو ئەرکە بڕیاری لەسەر درا، کە هەموو دامودەزگاکان ئەرکدار بکرێن و هاوکاریی ئەنجومەنی دیوان بن، هەروەها سیستەمێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ وەرگرتن و بەدواداچوونی سکاڵاکان و وەڵامی هاووڵاتییانیش بدرێتەوە. پێشتر پەیڕەوى شيوازی کاغەز دەکرا و هاووڵاتی لە هەموو شوێنێکەوە دەهاتنە دیوانی ئەنجومەن و وەزارەتەکان بۆ پێشکەشکردنی سکاڵاکانیان، ئەمە جگە لەوەی ڕۆتین و مەسرەف و کاتێکى زۆری دەویست.
باس لەوەش دەکات، کە ئەمەیان کردووەتە بڕیار و لیجنەیەکیان دروست کردووە و فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیارییش لە ماوەیەکی کوردتدا سیستەمەکەیان دروست کرد، و “ئێستا جێگەی خۆشحاڵییە کە ڕایبگەیێنین، ئەوەی فەرمانی سەرۆکی حکوومەت بڕیاری لەسەر دا، بە شێوەیەکی کردەیی لەمەودوا هاووڵاتیان دەتوانن سکاڵاکانیان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و دواتر بە شێوەیەکی فەرمی لە ماوەیەکی دیاریکراو و هەر لە ڕێگەی ئەم پۆرتاڵەوە وەڵامەکان وەربگرنەوە؛ ئەمە یەکێکە لە دەستکەوتەکانی حکوومەتی هەرێم و تەواوکاریی پڕۆژەکانی بە دیجیتاڵیکردنی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.”
هەر لەو بارەیەوە دەربارەی سیستەمەکە، مەهدى ساڵح ئاژگەیی، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى سکاڵاى هاووڵاتیان لە سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران دەڵێت: سیستەمی ئەلیکترۆنیی سکاڵای هاووڵاتییان، پۆرتاڵێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لە ڕێگەیەوە هاووڵاتییان دەتوانن سکاڵاکانیان بۆ هەر لایەنێک یان خزمەتگوزارییەکی حکوومی پێشکەش بکەن، ئەم سیستەمە سیستەمێکی ناوەندییە و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و تەواوی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یەکەوە دەبەستێتەوە. لێرەدا هاووڵاتی چەقی خزمەتگوزارییە گشتییەکانن، هاووڵاتی کاتێک سەردانی ئەم پۆرتاڵە دەکات، پێویستە هەندێ زانیاریی کەسی پڕ بکاتەوە و دواتر بە وردی سكاڵاکانی بنووسێت و بەڵگەنامەی سەلماندنی سکاڵاکانی هاوپێچ بکات، دواتر لایەنی تایبەتمەندی وەڵامدانەوەی سکاڵاكانی دیار بکات و پاشان ژمارەی مۆبایل یان ئیمەیڵیشى دیار بکات بۆ ئەوەی لە کاتی چارەکردن یا ڕەتکردنەوەی سکاڵاکانیان، وەڵامیان بدرێتەوە.
مەهدى ساڵح ئاژگەیی، باسى گرنگترین ئامانجى لەم سیستەمە کرد و بە بەدیهێنانی شەفافیەتى زانی و گوتى: ئەرکی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە وەڵامی ڕوون و ئاشکرایان هەبێت بۆ سکاڵای هاووڵاتیان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکاندا.
حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە پاش بەئەلیکترۆنیکردنى چەندین سیستەم بۆ ئاسانکاریى هاووڵاتیان، سیستەمى سکاڵاشى کردە ئەلیکترۆنی و هاووڵاتى دەتوانێت لە ڕێگەى پڕکردنەوەی پەڕەیەکى ئەلیکترۆنى و تۆمارکردنى زانیارییە کەسییەکانییەوە، سکاڵاکەى تۆمار بکات.
هیوا ئەفەندى، سەرۆکى فەرمانگەى تەکنەلۆجیای زانیارى، گوتی: یەکێک لەو پێوەرانەی بە پێی بانکی نێودەوڵەتی بەرەوپێشچوونی وڵاتیان بە ئاستی دیجیتاڵبوونیان مەزەندە دەکرێت و بەکارهێنانەوەی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵە بۆ پتەوکردنی دیموکراسی. لەو چوارچێوەدا ئەم سیستەمانەیە کە حکوومەت دابینی دەکات بۆ ئەوەی هاووڵاتی بتوانێت دەنگی خۆی بگەینێتە بەرزرترین ئاست لە حکوومەت. کەواتە دانانی سیستەم بۆ گەیاندنی فیدباک و سکاڵای هاووڵاتییان، یەکێک لە سیستەمە هەرە گرنگەکانی وڵاتانە و لە هەموو دەزگاکانی حکوومەت بەشێک هەبووە بەناوی هۆبەی سکاڵا یان سندووقی سکاڵا و ئەوەی کە ئێمە کردمان لەسەر داواکاری سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئەوە بوو، کە ئێمە پرۆسەکەمان کردە پرۆسەیەکی ناوەندی. کەواتە، بۆ هەموو دامودەزگاکانی حکوومەت سیستەمێکی ناوەندی دانراوە کە هاووڵاتی بتوانێت لە ڕێگەی یەک سیستەمەوە سکاڵای خۆی لەسەر هەر کەس و خزمەتگوزارییەک بە شێوازێکی ناوەندی بگەیەنێتە هەموو ئاستەکانی حکوومەت؛ فەرمانگەی تەکنۆجیای زانیاری تەواوی پرۆسەکەی لە ئەستۆی خۆی گرتووە لە ڕووی دروستکردنییەوە و لە ڕووی بەرنامە و پاڵپشتیی بەردەوامیشی دەکات. بەکارهێنەرەکانی سیستەم لە ڕووی خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی گشت دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و سیستەمەکە لەسەر ماڵپەڕی ناوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێت.
هیوا ئەفەندى، لەسەر پڕۆسەى بە دیجیتاڵکردنى حکوومەت گوتی: ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە و هەروەک سەرۆکوەزیران لە ڕاگەیاندنی سیاسەتی وەرچەرخانی دیجیتاڵی حکوومەت ڕایگەیاند، ئێمە تا کۆتایی ٢٠٢٥ بەو ئاراستەیە دەڕۆین، کە کاغەز لەناو دامودەزگاکانمان بەکار نەیێت و ناردنی نامە لە نێوان دامودەزگاکانی حکومەت هەمووی بکرێتە دیجیتاڵی؛ پێویست ناکات نووسراو لە نێوان دامودەزگاكان ئاڵوگۆڕ بکرێت و یاسای ئیمزای ئەلکترۆنی پێش چەند ڕۆژێک لە پەرلەمان دەرچوو، هێز و توانامان پێ دەبەخشێت، کە بتوانین ئەم کارە بکەین. کوردستان لە ڕووی دیجیتاڵبوونەوە ماویەتی، بەڵام ئەوەی کراوە بنەمایەکی زۆر باش دەڕەخسێنێت، کە بتوانین کارەکانمان بکەین و بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان قۆناغی زۆر گرنگمان بڕیوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری