د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق:بەبێ ئامادەبوونی هەرێمی کوردستان پڕۆژە یاسای نەوت و گاز داڕێژراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، لەم دیدارەدا دەڵێت: بەبێ ئامادەبوونی ھەرێمی کوردستان پڕۆژە یاسای نەوت و گاز داڕێژراوە. دەشڵێ: پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لە یاسا گرنگ و سەرەکییەکانە و ئێستە وڵات زۆر پێویستی بە دەرکردنی ئەو یاسایە ھەیە، یاساکە بۆ ڕێکخستنی چۆنیەتیی دابەشکردنی داھاتی نەوت و گازە، وێرای ئەوەی یاساکە زۆر کێشەی ھەڵپەسێردراو چارە دەکات.

ڕێکارەکانی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز لای حکوومەت نزیکە لە ئامادە کران و ئەمساڵ ڕەشنووسەکە پەسەند دەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت یاساکە ببێتە ھۆکارێک بۆ ڕەخساندن و ڕاکێشانی دەرفەت و گرێبەستی گەورە لەو کەرتە و ڕاکێشانی ملیارەھا دۆلار بۆ عێراق.
محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی لایەن و فراکسیۆن و وەزیرانی نەوت و دەرەوە و نوێنەری لایەنە سەرەکییەکانی عێراق و ڕاوێژکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکان و ژمارەیەک ڕاوێژکار و یاساناس و ھونەرییەکان کۆبووەوە، بەپێی ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، دوایین ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز و بڕگە و ماددەکانی باسکراوە، وەکو سەرەتایەک بۆ پەسەندکردنی لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران و ڕەوانەکردنی بۆ پەرلەمان؛ سوودانی، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاریدا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی وەزاری بۆ سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆ ھونەرییەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان.
پێویستە بگوترێ حکوومەتی عێراق لە چەند مانگی ڕابردوودا کە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان وەستاوە، بە بیانووی جۆراوجۆر ھەوڵی داوە مەرجی جیاواز بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت. لە پرسی فرۆشتنی نەوت کۆمەڵێک مەرجی سەپاند و لە نووسینەوەی یاسای بودجەش لە ھەندێک بەڵێن پاشگەز بووەوە و دواجار لە مافەکانی ھەرێمی کوردستانی کەم کردەوە، مەترسی ھەیە لە نووسینەوەی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازیش دەرفەتەکە لە قازانجی خۆیدا بقۆزێتەوە.
ڕەشنووسەکە تێکەڵەیەکە لە ڕەشنووسەکانی ساڵی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٧ و ٢٠١١، بڕیارە کەرتی نەوت و گاز لە عێراق ڕێکبخات، چونکە یەکێک لە گرنگترین یاساکانە. سەرۆکوەزیرانی عێراق بە لایەنەکانی گوتووە یاسای نەوت و گاز زۆر گرنگە بۆ ئەوان و پشتی پێدەبەستن بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز، چاوەڕوانن دوایین تێبینییەکانی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی بدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران تاوەکو پەسەندبکرێت و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
لە ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە ڕەشنووسی ٢٠٠٧، ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١١ دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەری لە پەرلەمان پەسەند نەکران.
کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە ٢٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکھێنانی حکوومەت، جەخت لەسەر دانوستاندنی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکاتەوە بۆ چارەکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان. ئەمەش بووە بنەمای سەرەکی بۆ ڕێککەوتنی ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣ لەنێوان ھەولێر و بەغدا، کە لەو ڕۆژەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی ھەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ئیمزا کرا.
بەگوێرەی کارنامەی کابینەکەی سوودانی دەبوایە لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەکاربوونی کابینەکە، کارکردن لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵی تەواو بووایە، ھەرچەندە تاوەکو ئێستە ئەوە نەکراوە، بەڵام لیژنەیەک لە پسپۆڕانی یاسا، نەوت و گاز و دارایی پێک ھێنراوە و ھەنگاوی باشیان بڕییوە لە نووسینی ڕەشنووسی یاساکە، ئەوەی ھەرێمی کوردستان جەختی لەسەر دەکاتەوە لەو یاسایەدا، داڕشتنەوەیەتی لەسەر بنەمای دەستوور و مافە یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان کە ڕێگە دەدات بە مامەڵکردن و سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی نەوت و گاز ھەروەکو ئەوەی لە یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە.
لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەبردن و ھەناردەکردنی نەوت لەلایەن ھەرێمی کوردستان جێگەی ناکۆکی نێوان ھەولێر و بەغدا بووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوتی بە مافی خۆی زانیوە و لەبەرامبەریشدا حکوومەتی فیدراڵ پێیوابووە، ئەو کارە لەدەستەڵاتی ئەودایە، ھەر بۆیە نەگەیشتوونەتە ھیچ ڕێککەوتنێک و چارەی ناکۆکییەکان بە ڕێککەوتنی سیاسی لە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش دواخراون، لەم کابینەی حکوومەتی عێراق جارێکی دیکە ھەوڵەکان بۆ ئەو مەبەستە خراونەتە گەڕ.
لە ٩ـی ئابی ٢٠٠٧ـدا، یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ بڕی پەنجاو حەوت گرێبەستی بەرھەمھێنانی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا ئیمزا کران. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پرسی دەستووریبوونی بەڕێوەبردنی ئەو سێکتەرە پشتی بە ماددەکانی ١١١، ١١٢، ١١٥ و ١٢١ـی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێکتەری نەوت دەدات بە ھەرێمی کوردستان، لە ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ـدا، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفرانسی نەوت و گازدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند و جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرھەمھێنان کردەوە.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: یاسای نەوت و گاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و گرێنتی پاراستنی مافەکانی ھەردوولاش دەکات، کە ئێستە بەھۆی نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستە ھەن، چارە دەبن. بەڵام ئەو ڕەشنووسەی یاسای نەوت و گاز کە ئێستە ئامادە کراوە تاکلایەنانە ئامادەکراوە و ڕاوبۆچوونی ھەرێمی کوردستان وەرنەگیراوە، بۆیە پێویستە جارێکی دیکە ڕەشنووسێکی نوێ ئامادە بکرێت و پێویستمان بە نەخشە ڕێگایەکە بۆ چۆنیەتی ڕەشنووسەکە و ھەرێمی کوردستان بەشدار بێت لە ڕەشنووسێکی نوێ بۆ یاسای نەوت و گاز، چونکە یاساکە پڕە لە تەکنیک و ڕێککەوتنی سیاسیی و پشت بەستن بە ماددەی ١١١و ١١٢ی دەستووری عێراق.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: لەبەر چەند ھۆیەک نەتوانراوە تا ئێستە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنرێت، یەکێک لە ھۆکان ئەوە بوو کە ئایا ڕێگە بە ھەرێمی کوردستان دەدرێت نەوت دەربھێنێت، لەناو ڕەشنووسەکەدا ئەمە ڕوون نەکراوەتەوە، گرفتێکی دیکە ئەوەیە لە ماددەی ١١٢ی ڕەشنووسەکەدا ھاتووە ئیدارەکردنی کێڵگە نوێیەکانی نەوت بە ھەماھەنگی دەبێت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان دەڵێین نابێ حکوومەتی عێراق بە تەنیا ئیدارەی مەلەفی نەوتی لەدەست بێت، بۆیە یاسای نەوت و گاز پێویستی بە ڕێککەوتنێکی سیاسییە، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا کێشە و گرفت دروست نەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لایەنەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان ناتوانن پڕۆژە یاساکە تێپەڕێنن. دەبێت لایەنە کوردستانییەکان کە لە پەرلەمان ئەندامیان ھەیە یەکدەنگ بن، ئەگەرنا کێشەمان بۆ دروست دەبێت. کێشەکەش تەنیا بۆ لایەنێک نابێت، بەڵکو بۆ داھاتووی ھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە زۆرینەی داھات لەسەر نەوتە، کەواتە دەبێت ئێمە ئەو یاسایە بە یاسایەکی ستراتیجی و گرنگ بزانین.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: ئەگەر یاساکە بە دڵی کوردستان بێت چەند زووتر بێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت، باشترە، چونکە زۆر کێشەی ھەڵپەسێردراو چارە دەکات، بەڵام ئەگەر بە دڵی ئێمە نەبێت و یاسایەکی سەقەت بێت کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستان دەبێت، ھەندێک لایەن لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگی دژ بە ئیرادەی گەلی کورد ڕادەوەستن و دەیانەوێت ڕێگری بکەن، ئەوەش بەشتێکی باش نابینم و کاریگەری دەبێت لەسەر داھاتووی عێراق، لەگەڵ ئەوەی ھەندێک لایەنی کوردیش ھەن ڕێگە خۆشکەرن بۆ دروستبوونی کێشە.