روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی داراییەوە

رۆژی یەکشەممە (6ـی ئابی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە وەڵامی لێدوانی چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق و چەند میدیایەک کە ئاماژەیان بەوە کردووە وەفدی هەرێم ژمارەی ناڕاستیان لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێم داوە بە بەغداد، بۆ رای گشتی و هەموو لایەکی رووندەکەینەوە سەرلەبەری ئەو تۆمەت و لێدوانانە ناڕاست و چەواشەکارین.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکردووە، نزیکەی دوو ساڵە پەیوەندیەکی تەندروست و بەردەوام لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم هەیە و ساڵی 2022ـەوە سەرجەم راپۆرتەکانی هەرێم دەربارەی خەرجی و داهاتی نەوت و ناوخۆ دوای وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و هەرێم پەسەند کراون.

هەروەها روونیکردەەوەتەوە رۆژی (16ـی تەمموزی 2023) تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقیان کرد بۆ ئەوەی لەسەر شێوازی ئامادەکردن و پێشکەشکردنی راپۆرتی مانگانەی تەرازوی پێداچوونەوە گفتوگۆ بکەن بەو شێوازەی کە عێراق داوای دەکات، راستەوخۆ دوای گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی پێنج مانگی سەرەتای 2023ـیان بۆ بەغداد ناردووە، لە (30ـی تەمموزی 2023) راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانیان پێشکەشکردووە.

هاوکات باسی لەوەشکردووە، بۆ زانیاری هەموو لایەک دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم بەهاوبەشی بەرپرسیارن بۆ وردبینی و پەسەندکردنی راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە نەک وەزارەتی دارایی، لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (3ـی ئابی 2023)ـەوە وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی لە وەزارەتی دارایی هەرێمن بەمەبەستی وردبینی تەرازووی پێداچوونەوەی شەش مانگی رابردووی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، “بۆیە بۆ ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە باشترە پێش ئەوەی قسە لەسەر بابەتێک بکەن پەیوەندی بەلایەنی فەرمییەوە بکەن و زانیاری دروست لەبارەیەوە بەدەستبێنن”.