بەرپرسێکی پارتی: لە هەڵبژادنی ئەمجارەش زۆرینەی دەنگەکانی نەینەوا بەدەستدەهێنین

جێگری پەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی نەینەوای پارتی ئاماژە بەوە دەدات، گەشبینن بەوەی ئەمجارەش زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەدەستبهێنن و دەڵێت، وەکو پارتی بڕیاریانداوە، بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن و هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ لایەنێک پێکنەهێنن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی ئابی 2023، نازم  هەرکی، جێگری پەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، “وەکو پارتی هەموو ئامادەکارییەکی پێویستمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کردووە و گەشبینین بەوەی جارێکی دیکە زۆرینەی دەنگەکانی سنووری پارێزگاکە بەدەستبهێنین و ئەم جارەش ببینە یەکەم”.

“پارتی بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەکات”

بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. زیاتر لە 23 ملیۆن و 368 هەزار کەس دەتوانن لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن. چاوەڕێدەکرێت نزیکەی هەشت هەزار بنکە و 48 هەزار وێستگەی دەنگدان بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێنەوە.

وەکو ئەوەی نازم هەرکی باسی کرد، “لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و زۆرترین دەنگی سنووری پارێزگاکەی کۆکردووەتەوە. نەینەوا دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە و بۆ هەموو لایەن گرنگی تایبەتی خۆی هەیە”.

ئەمڕۆ کۆتا وادە بوو بۆ تۆمارکردنی ناوی حزب و هاوپەیمانێتییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمسیۆنەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستا نزیکەی 31 هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمارکراون و پێشبینیش دەکەن ژمارەی هاوپەیمانێتییەکان بۆ نزیکەی 40 هاوپەیمانێتی بەرزببێتەوە.

نازم هەرکی جەختی لەوە کردەوە، پارتی بڕیاری کۆتایی خۆی داوە، بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەکات و هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ لایەنێکی دیکە پێکناهێنێت، “چونکە دەمانەوێت دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان، ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بزانین و ئەگەر پێویستی کرد هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پێکبهێنین”.

نازم هەرکی: زۆرینەی دەنگدەرانی پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا ‘ئاوارەن’

زیاتر لە 660 هەزار ئاوارە لە کەمپە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، %41ـیان لە سنووری پارێزگای هەولێر، %40ـیان لە دهۆک و %19ـشیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەژین. کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەڕێگەی 52 بنکەی تۆمارکردنەوە دەستیکردووە بە تۆمارکردنی ناوی ئاوارەکان.

بەگوتەی نازم هەرکی، زۆرینەی دەنگدەرانی پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا “ئاوارەن و لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەموو ئاسانکاری و ئامادەکارییەکی پێویستیمان بۆ هەڵبژاردنەکە کردووە و هەموو ئاوارەیەک دەتوانێت وەکو مافێکی یاسایی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکات و دەنگ بدات”.

رۆژی یەکشەممە 9ى تەمموزى 2023، پڕۆسەى نوێکردنەوەى گواستنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە نێوان پارێزگاکانى عێراقدا بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان دەستیپێکرد و پرۆسەکەش تاوەکو 7ى ئابى 2023 بەردەوام دەبێت. پرۆسەى گواستنەوەى تۆمارى دەنگدەران 11 پارێزگا دەگرێتەوە، بەڵام ئەو گواستنەوەیە پارێزگاکانى کەرکووک، دیالە، نەینەوا و سەڵاحەدین بەپێچەوانەوە ناگرێتەوە.

جێگری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا ئاماژە بەوە دەدات، ماوەی نزیکەی 25 رۆژە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق خەریکی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی سنووری ئەو پارێزگایەیە و، پێیوایە هاووڵاتییان بە شێوەیەکی کارا بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەکەن، چونکە وەکو خۆی ئاماژەی پێ کرد، کۆمیسۆن هەموو ئاسانکارییەکی بۆ دەنگدەران کردووە و هیچ کەموكوڕتییەکی نەهێشتووەتەوە. 

جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال

رۆژی 9ـی ئۆکتۆبەری 2020، رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشووتری عێراق لە شاری بەغدا واژووكرا، کە خۆی لە چەند خاڵێک دەیبینێتەوە، لەوانەش؛  هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ، حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات، دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ، كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی و هاوکات هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.

جێگری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا داوا لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، رێککەوتنی شنگال جێبەجێبکەن، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ شارەکە بگەڕێندرێتەوە و ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان.