فازڵ میرانی پێشوازی له‌ پاتریاركی كڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان کرد

دوێنێ، له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له‌ پیرمام، فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی له‌ كاردیناڵ لویس ساكۆ، پاتریاركی كڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان، كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕ و ڕێبوار یه‌ڵدا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی ئاماده‌ی بوون، فازڵ میرانی وێڕای به‌خێرهێنانی قه‌داسه‌تی پاتریارك ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هه‌رێمی كوردستان ماڵی به‌ڕێزیان و هه‌ر ئازادیخواز و دیموكراسیخوازێكه‌.
پاتریارك لویس ساكۆ، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئه‌و دیدار و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی كه‌ له‌ مه‌كته‌بی سیاسی لێی كرا، سوپاس و پێزانینی ئاراسته‌ی جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و سه‌ركردایه‌تیی پارتی كرد بۆ هه‌ڵوێستی مێژووییان له‌باره‌ی ئه‌و غه‌دره‌ی كه‌ له‌ خۆی و كڵێسای كلدانی و ته‌واوی مه‌سیحیه‌كان كرا له‌ عێراق، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستانی به‌ ناوچه‌یه‌كی ئارام و جیاواز وه‌سفكرد به‌راورد به‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان یاسا و سیسته‌م هه‌یه‌ بۆیه‌ هاووڵاتیه‌كانی و ئێمه‌ش هه‌ست به‌ ئاسایش و ئارامی ده‌كه‌ین له‌ كوردستان.
سه‌باره‌ت به‌و مامه‌ڵه‌ نه‌شیاوه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر پاتریارك كرا له‌ عێراق، فازڵ میرانی نیگه‌رانیی خۆی و پارتی ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئێوه‌ نوێنه‌رایه‌تی پاپا و تابلۆ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كه‌ی كومه‌ڵگای عێراقی ده‌كه‌ن، بۆیه‌ كاریگه‌ریه‌ نه‌رێنیه‌كانی ئه‌و مه‌رسومه‌ زۆر ده‌بێت و هه‌رئه‌مه‌شه‌ كه‌ بووه‌ته‌ جێگای ناڕه‌زایی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و ناوچه‌كه‌ و جیهانیش. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی جه‌نابی سه‌رۆك و پارتیمان هه‌ڵوێستێكه‌ له‌ باوه‌ڕی نه‌گۆڕمانه‌وه‌ هاتووه‌ به‌ یه‌كترقبوڵكردن و پێكه‌وه‌ژیانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق و بوێری و هه‌ڵوێستی به‌ڕێز په‌تریاركی سه‌رباری ئه‌و ناحه‌قیه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ری كراوه‌ به‌رزنرخاند و دووپاتیشی كردووه‌ كه‌ ئه‌و ناحه‌قیه‌ی كرا ته‌نها غه‌در ‌نه‌بوو له‌ به‌ڕێزیان‌، به‌ڵكو غه‌درێكه‌ به‌رامبه‌ر مه‌سیحییه‌كان و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق.
له‌ كۆتاییدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماف بۆ خاوه‌ن ماف كرده‌وه‌‌ و هیواداربوون كه‌ سیسته‌می حوكمڕانیی له‌ عێراق بكه‌وێته‌ سه‌ر ڕاسته‌ڕێی خۆی و ده‌ستوور و یاساكان جێبه‌جێ بكرێن و ڕێز له‌ مافی پێكهاته‌كان بگیرێت و ژیانێكی شایسته‌ و ئارام بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتیان‌ فه‌راهه‌م بكرێت.