بەغدا لەو بڕە پارەیە کەمتری بۆ هەرێم ناردووە کە لە پڕۆژە یاسای بودجە دیاری کراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە پێویستی بە نۆ سەد و دوازدە ملیار دینارە، بەڵام حکوومەتی عێراق بۆ مانگی شەش تەنیا پێنج سەد و نەوەد و ھەشت ملیار دیناری بۆ ھەرێمی کوردستان ناردووە، بەپێی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا کە لە پڕۆژە یاسای بودجە جێگەی بۆ کراوەتەوە و دەنگی لەسەر دراوە، لە دوای ڕادەستکردنی نەوت لەلایەن حکوومەتی ھەرێم، دەبوایە حکوومەتی عێراق پشکی ھەرێمی کوردستان بۆ مانگی شەش و حەوت ڕەوانە کردبایە، بەڵام بەغدا کەمتر لەو بودجەی کە لە پڕۆژە یاسای بودجە دیاری کراوە بۆ ھەرێمی کوردستانی ناردووە. پێشەوا ھەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: نەک شایستەی دارایی، بەڵکو پارەی پێویستی مووچەش نەنێردرا.

لە ڕۆژی ٢٦/٦ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بودجە بە فەرمی پەنجا و پێنج ھەزار بەرمیل نەوتی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کردووە بۆ بەکارھێنانی لەناوخۆ ئێستەش ھەوڵ ھەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئەو ڕێژەیە بۆ سەد و سی ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ: ھەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ کردووە، ھیچ پاساو و بیانۆیەک لەبەردەم بەغدا نەماوە کە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی لەمە زیاتر دوا بخات، بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ، ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە بنێرێت.
ڕۆژی چوار شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەن و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە. بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی حکوومەت، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان داوا لە ھێز و پارت و لایەنە کوردستانییەکان دەکات کە ھاوھەڵوێست و یەکدەنگ بن لەسەر داکۆکی کردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، دابینکردنی شایستەداراییەکانی ھەرێمی کوردستان کە لەناو بودجە جێگیر کراون.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی دەکات: ھەموو پابەندییەکانی خۆی لە بەرامبەر بەغدا جێبەجێکردووە و ھیچ پاساو و بیانوویەک نەماوە لەبەردەم حکوومەتی فیدراڵ کە خەرجکردنی شایستەکانی ھەرێمی کوردستان لەمە زیاتر دوابخات، بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ، ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە بنێرێت.
بەگوتەی ئەندامانی لیژنەی دارایی، ھۆی نەناردنی تەواوی شایستەکانی ھەرێم ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق ڕایگەیاندووە گوایە پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ وردبینی کردن لە داتاکان، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێم سەرجەم داتاکانی پێشکەش بە حکوومەتی عێراق کردووە.
چیایی تەیموور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ھەندێک لایەن دەیانەوێت کێشە بۆ ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا دروست بکەن، جێبەجێ نەکردنی یاسای بودجە پەیوەندی بە دەرنەچوونی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی ھەیە، بۆ ئەو مەبەستە داوامان لە حکوومەت کردووە ئەم ھەفتەیە ڕێنمایی تایبەت بە بودجە دەربکات.
پێشەوا ھەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئێمە بۆ دابینکردنی مووچە پێویستیمان بە نۆسەد و دوازدە ملیار دینارە، کە لەعێراقەوە بێت، بەڵام نەک شایستەی دارایی نەنێردرا، تەنانەت پارەی پێویستی مووچەش نەنێردرا و تەنیا پێنج سەد و نەوەد و ھەشت ملیار دینار نێردراوە بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان.