هەڵبژاردن کۆڵەکەیەکی گرنگی دیموکراسییە لە کوردستان

لە دوای دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، هەم لایەنەکان هەم نێردە دیپلۆماسیەکان ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق نوێنەرایەتییان هەیە، پێشوازییان لەو هەنگاوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و بە دەرفەتی دەزانن لایەنە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان هەنگاو هەڵگرن بۆ خێراترکردنی ئامادەکارییەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە.

یەکەم وڵات پێشوازی لە بڕیار و دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن کرد، ئەمریکا بوو، ئەلینا ڕۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند: هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە کاتی دیاریکراودا هەنگاوێکی گرنگە بۆ دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا.
پێشوازییەکەی باڵیۆزی ئەمریکا لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردووش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە لایەنە سیاسیەکان کرد ئەرکیان جێبەجێ بکەن و هەنگاو هەڵگرن بۆ هەڵبژاردن .
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوای ڕاگەیێنراوەکەی ڕۆژی پێنجشەممە و دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، رایگەیاند: هەڵبژاردن ئامرازێکی گرنگ و ڕەوای حکوومەتەکانە بە ڕێگەدان بە خەڵک و دەنگدانیان و هەڵبژاردنی ئەو نوێنەرانەی خۆیان مەبەستیانە.
هاوشانی ئەوەش هەردوو کونسوڵخانەی ئەڵمانیا و کەنەداش پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕی و داوای هەڵبژاردنێکی پاک و بەرهەمدار دەکەن لە هەرێمی کوردستان.
هەروەها باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا، دەڵێ: هەڵبژاردن کۆڵەکەی دیموکراسییە، هەلێکی گرنگیشە بۆ خەڵكی کوردستان بۆ دەربڕینی بۆچوونیان .’
هەروەها ڕۆدۆلف ڕیچارد، جێگری کونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر، لە ڕاگەیێنراوێکدا داوای کرد لایەنەکان دوای دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن :”هەنگاوی گرنگ” هەڵگرن بۆ ئەو هەڵبژاردنە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و گفتوگۆی پێکەوەیی لە بەرژەوەندی پرۆسەکەدا .
جگە لەو وڵاتانە وەکو پێشبینی کرابوو، یەکێتی ئەوروپاش بە هەمان شێوە پێشوازی لێکرد، ڤیلە ڤارجۆلا، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەم بۆ ماڵئاوایی لە ئەرکەکەی هەم بۆ پێشوازی لەو هەنگاوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد. ئەو داوای کرد پارتەکانی کوردستان پێکەوە کار بکەن بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە . هەروەها کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، بە هەمان شێوە ئەو هەنگاوەی بە گرنگ و ئەرێنی ناوبرد و ڕایگەیاند: با چیدیکە هەڵبژاردن لە کوردستان دوا ناکەوێت و هانی پارتەکان دەدات بۆ بەشدارییەکی کارا لە پرۆسەکە.
کونسولخانەکە دەڵێ : ئەو هەنگاوە هەلێکی گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان بۆ بەشداری لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و دەربڕینی بۆچوونیان لە مافی دەنگدان.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبوو لە ئۆکتۆبەری 2022 بکرێت، بەڵام ناکۆکییەکان وایان کرد هەڵبژاردنەکە دوا بکەوێت، دواتر بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی دۆخەکەی خراپتر کرد و هەڵبژاردن کەوتە 2024، پاش ئەوە چەندین گفتوگۆ لە نێوان سەرۆکایەتی هەرێم و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کرا و ڕێککەوتن کرا کە مانگی شوباتی داهاتوو بێت، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان 25ـی شوباتی بۆ ئەو ڕۆژە دیاریکردووە.