شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق راگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ئەنجامی دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق راگەیاند و ناوەڕۆکی راگەیەندراوی هاوبەشی شاندی هەردوولاش دەخاتەڕوو.

ئومێد سەباح، رایگەیاند: “لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە رێکەوتی 5ی ئابی 2023، وەک شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی پڕۆژەیاسای نەوت گاز سەردانی شاری بەغدامان کرد، و کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە ئەنجامدا، و لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە بە هاوبەشی ئەم راگەیەندراوەمان بڵاوکردەوە: لەسەر بنەمای پاکێجی چاکسازییە یاساییەکان کە لەلایەن کارنامەی حکومەتەوە پێشکەشکراون، بەتایبەتی ئەوەی لە تەوەرەی بیست و سێیەمدا باسکراوە سەبارەت بە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز و لەسەر بنەمای فەرمانی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بۆ خێراکردنی تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە و بە بەشداریکردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم پڕۆژە نیشتمانییە ستراتیژییەدا”.

ئاماژەی بەوەشداوە: “کۆبوونەوەکە لە رێکەوتی 5/8/2023 بە ئامادەبوونی هەردوو جێگری سەرۆکوەزیران (وەزیری دەرەوە – وەزیری نەوت) و شاندی هەرێم و پارێزگارانی پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوت و راوێژکارانی سەرۆکوەزیران و ستافی وەزارەتی نەوت بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی و ئامانجەکانی ئەم یاسایە و پێویستی تەواوکردنی بە زووترین کات و بە بەشداری هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرانی نەوت و نوێنەرانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران کرا، کەشی کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و رەنگدانەوەی بەرژەوەندی و پەرۆشی هەموو لایەنەکان بوو بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، چونکە بەشێکە لە پابەندبوونی بەرنامەی وەزاری کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر دراوە، هەروەها وەک کۆڵەگەیەکی سەرەکی بۆ وەبەرهێنانی سامانی نەوت و گاز لە باشترین کردارە نێودەوڵەتییەکان و بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراق مسۆگەر بکات”.

ئومێد سەباح، روونیکردەوە: “لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم پێشنیازانەی خوارەوە کرا:

1- پێکهێنانی لیژنەکان بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە و رێکخستنی کۆبوونەوەکانی دواتر

2- نووسراوێکی کارکردن لە رێگەی لیژنەکان پێشکەش دەکرێت لەسەر بنەمای ئەو تێڕوانینەی کە لەلایەن وەزارەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانەوە پێشکەشکراوە لەبەر رۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوون و گفتوگۆکانی پێشوو کە لە رێگەی ئەم لیژنانەوە دیراسەتی لەسەر دەکرێت بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەی کۆتایی یاسای نەوت و گاز.

داوای سەرکەوتن لە خودای گەورە دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نیشتمانییە کە خزمەت بە وڵاتە ئازیزەکەمان و هەموو گەلی عێراق دەکات.

لەلایەکی دیکە وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا جەختیکردووەتەوە، کە هەنگاوەکانی تەواوکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز خێراتر دەکرێن.