نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان دەست لە پێکەوەژیان هەڵناگرێت

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆمەڵگە و کاتیدرالی نوێی پاتریارکی رۆژهەڵاتی ئاشوورییەکانی لە شاری هەولێر کردەوە و لە گوتارێکدا رایگەیاند، فرەپێکهاتەیی و فرەئایینی هەرێمی کوردستانی بەهێز کردووە.

 دووپاتیشی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان دەست لە پێکەوەژیان هەڵناگرێت و زیاتر پەرەی پێدەدات.

ده‌قی گوتاره‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

به‌ڕێز قه‌داسه‌تی پاتریكارك مارئاوای سێیه‌م، پاتریاریكی كه‌نیسه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئاشووری له‌ عێراق و له‌ جیهان

كه‌سایه‌تی و پیاوانی ئایینی

ئاماده‌بوونی به‌ڕێز

ئێواره‌تان باش

به‌خێرهاتنتان ده‌كه‌م بۆ كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و کاتیدرالی نوێی پاتریاركی له‌شاری هه‌ولێر

زۆر خۆشحاڵم له‌گه‌ڵ ئێوه‌ی به‌ڕێز له‌و رێوره‌سمه‌دا به‌شدارم

پیرۆزبایی له‌هه‌موو په‌یره‌وانی كه‌نیسه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئاشووری له‌هه‌رێمی كوردستان، عێراق و جیهان له‌ هه‌موو مه‌سیحییه‌كانی جیهان به‌گشتی ده‌كه‌م، بۆ ئه‌م بۆنه‌یه‌ و كردنه‌وه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌.

لێره‌دا له‌م بۆنه‌یه‌دا، به‌ڕێز و پێزانینه‌وه‌ یادی خوالێخۆشبوو قه‌داسه‌تی پارتیاریكی مارده‌خای چواره‌م سه‌رۆكی پێشووتری كه‌نیسه‌ی رۆژهه‌لاتی ئاشووری ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ بڕیاریدا كورسی كه‌نیسه‌كه‌ی‌ له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆ هه‌ولێر بگوازێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا و پێش ئه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد، یادی به‌خێر و هیوادارین كردنه‌وه‌ی ئه‌م کاتیدراله‌‌ گیانی شاد بكات

ئه‌م بڕیاره‌ بریارێكی زۆر ئازایه‌نه‌ بوو، پشتگیرییه‌كی زۆر گه‌وره‌ بوو له‌ كوردستان،

هه‌روه‌ها متمانه‌ و باوه‌ڕی بۆ مه‌سیحییه‌كان دروستكرد، كه‌ لێره‌ له‌ وڵاتی خۆیان بمێننه‌و و بڕوایان پێی هه‌بێت و كۆچ نه‌كه‌ن.

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ساڵی 2014 كه‌ داعش به‌شێكی له‌ خاكی كوردستان، عێراق به‌گشتی و به‌شێكی سووریای داگیركردبوو، ژماره‌یه‌كی زۆری مه‌سیحییه‌كان روویان له‌هه‌رێمی كوردستان كرد.

هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی هه‌ولێر و كوردستان، له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تی پارتریكاركی مارئاوی سێیه‌م زۆر دڵخۆشن به‌ كردنه‌وه‌ی کاتیدرال و ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌ ئایینییه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان، دڵنیام ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌بێته‌ ناوه‌ندێكی دیكه‌ی به‌هێزكردنی باوه‌ڕ و هه‌ستی پیكه‌وه‌ ژیان له‌هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

ده‌بێته‌ هانده‌رێكی دیكه‌ بۆ مانه‌وه‌ و به‌جێنه‌هێشتنی وڵات، كوردستان به‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌ و ئایین و پێكهاته‌كانییه‌وه‌ جوانه‌، مه‌سیحییه‌كان به‌شێكی سه‌ره‌كین له‌ جوانی پێكه‌وه‌ ژیانی كوردستان، له‌ كوردستان، پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتییانه‌ بووه‌ته‌ كولتووریكی به‌هێز كه‌ هیچ رژێم و هێزێك به‌هه‌موو پیلانه‌كانییه‌وه‌ نه‌یانتوانییوه‌ تێكیبده‌ن، پێكه‌وه‌ ژیان بنه‌مایه‌كی قووڵی باوه‌ڕی هه‌موو كوردستانییانه‌، ئینجا سه‌ر به‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك و ئایینێك بن، ئه‌م پێكه‌وه‌ ژیانه‌ی ئێمه‌ له‌ كوردستان ئه‌وه‌نده‌ قووڵ و به‌هێزه‌، بووه‌ته‌ مایه‌ی هێزێكی گه‌وره‌ بۆ هه‌موومان، بووه‌ته‌ جێگه‌ی رێزی جیهان.

هه‌موومان له‌ كوردستان له‌بیرمانه‌، كاتێك به‌ڕێز باراك ئۆباما، سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا، له‌ گوتاره‌ مێژووییه‌كه‌ی شه‌وی 7ـی ئابی ساڵی 2014، بریاری ئه‌مه‌ریكای بۆ رووبه‌رووبووونه‌وه‌ی داعشدا، گوتی: هه‌ولێر هێڵی سووره‌ بۆ ئێمه‌، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ باسیكرد بۆ پێویستی پاراستنی هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان، گوتی: له‌و ناوچه‌یه‌دا پێكه‌وه‌ ژیانێكی زۆر سه‌ركه‌وتووانه‌ و به‌هێز دروستكراوه‌، مایه‌ی شانازییه‌ بۆ هه‌موومان، دوای راپه‌رینی ساڵی 1991، كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان داندرا، پێویستی هه‌بوونی نوێنه‌رانی مه‌سیحی و توركمان له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێك بوو له‌ بڕیاره‌ سه‌ره‌كییه‌كان، ئه‌وكات و تا ئێستاش له‌گه‌ڵ به‌یاخدان به‌زمانی كوردی، بایه‌خ به‌ زمانی سریانی و توركمانی درا، منداڵانی مه‌سیحی و توركمان به‌ زمانی خۆیان ده‌ستیان به‌ خوێندن كرد له‌و هه‌رێمه‌دا.

ئه‌و ئازادییه‌ی كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان به‌دیهات، بووه‌ مایه‌ی بووژانه‌وه‌ بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئایین و پێكهاته‌كان له‌ كوردستان، ئه‌و پێكه‌وه‌ ژیانه‌، كوردستانی بۆ ئێمه‌ خۆشكرد و جیهانیشی جوانكرد‌، ئێمه‌ ده‌ست له‌ به‌هێزكردنی پێكه‌وه‌ ژیان هه‌ڵناگرین و زیاتر په‌ره‌ی پێده‌ده‌ین.

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز:

ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌، كه‌ له‌مێژووی كۆندا ناوی میزۆپۆتامیا بووه‌، ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی گه‌شه‌كردنی ژیان و مرۆڤایه‌تی شارستانی بووه‌، ناوچه‌یه‌كی تێكه‌ڵ و هه‌مه‌ڕه‌نگی نه‌ته‌وه‌كان بووه‌، میزۆپۆتامیا به‌راستی باخچه‌ی ره‌نگینی نه‌ته‌وه‌كان بووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌ ده‌ره‌كییه‌كاندا جینۆسایدی زۆر گه‌وره‌ له‌و ناوچه‌دا روویدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ كوردستان  فره‌ نه‌ته‌وه‌یی و فره‌ ئایینی هه‌ر مایه‌وه‌ له‌ناو نه‌چوو، چونكه‌ نه‌ته‌وه‌و ئایینه‌كان بوونه‌ قه‌ڵغان پاراستنی یه‌كتری.

مێژووی پێكه‌وه‌ ژیان له‌هه‌رێمی كوردستان كۆنه‌ و له‌لایه‌ن هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی مێژوویشه‌وه‌ له‌ زۆر قۆناغ نوێكراونه‌ته‌وه‌ و به‌هێزكراون، هه‌روه‌ك سه‌رۆك مه‌سعوو بارزانی نووسیوویه‌تی و فه‌رموویه‌تی، ئه‌م پێكه‌وه‌ ژیانه‌ی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی رابردوو و له‌نێوان سه‌یدا عه‌بدولسه‌لامی بارزانی و ماریا بنیامین شه‌معوون و ئه‌ندریانی پاشادا به‌هێزكراوه‌، ئه‌و رێككه‌وتن و و هاوخه‌باتییه‌ی نێوان ماریا بنیامین شمعون دروستیانكرد، به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌ شۆڕشه‌كانی بارزان و ئه‌یلوول و گوڵان ره‌نگیدایه‌ و تا ئێستا به‌رده‌وامه‌، به‌ پشتیوانی خودای مه‌زن هه‌ر به‌هێزتریش ده‌بێت له‌ كوردستان.

به‌رێزان، ئه‌و هاوكاری و یه‌كتر پاراستنه‌ جارێكی دیكه‌ به‌ فراوانی نوێكرایه‌وه‌، له‌كاتی جه‌نگی تایفی له‌ عێراقدا له دوای‌ ساڵی 2003، دوای هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كانی رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ و داعش، سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌ شانازییه‌وه‌ بووه‌ په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ پاراستنی مه‌سیحی و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق، ئه‌وه‌ش ئه‌ركی ئێمه‌ بووه‌ و جێگه‌ی شانازی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بوو، ئه‌وكات و ئێستاش دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی تایفی و هێرشه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیده‌، له‌ شاره‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق، له‌ماوه‌ی نێوان ساڵه‌كانی 2004 تا 2008 به‌گشتی 111 كڵێسا ته‌قێندرانه‌ و یان هێرشیانكرایه‌ سه‌ر، 1315 مه‌سیحی مه‌ده‌نی شه‌هیدكران، به‌ سه‌دان مه‌سیحی رفێندران، چه‌ندین مه‌تران و شه‌ماشه‌ تیرۆر كران، چه‌ندین منداڵی مه‌سیحی له‌ رێگه‌ی قوتابخانه‌ شه‌هیدكران، چه‌ندین موڵك و ماڵ و خانووی مه‌سیحییه‌كان ده‌ستیبه‌سه‌رداگیرا.

 به‌خۆشحاڵییه‌وه‌   به‌هۆی پارێزراوی و پێكه‌وه‌ ژیان و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یه‌ك كڵێسا و یه‌ك مه‌سیحی له‌هه‌رێمی كوردستان زیانیان پێنه‌گه‌یشت، ده‌یان پێشمه‌رگه‌ گیانی خۆیان كرده‌ قوربانی له‌پێناو پاراستن و رزگاركردنی گوند و شارۆچكه‌ مه‌سیحییه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیده،‌ ده‌یان هه‌زار مه‌سیحی ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوون، له‌مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2014، به‌هۆی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ شه‌و و رۆژێكدا 150 هه‌زار مه‌سیحی روویان له‌هه‌رێمی كوردستان كرد، تا ئێستاش له‌سه‌دا40ـی ئاواره‌كان نه‌گه‌ڕاونته‌وه‌ شوێنی خۆیان و له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین.

ئێستا قه‌زای عه‌نكاوه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین شاره‌ مه‌سیحییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ 86 هه‌زار مه‌سیحی تێدا نیشته‌جێن، عه‌نكاوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ كراوه‌، له‌لایه‌ن خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌چاوی ریزه‌وه‌ سه‌یركراوه‌.

به‌رێزان:

پێویسته‌ لێره‌وه‌ سوپاسی وه‌زاره‌ت و وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، كه‌ هه‌میشه‌ مامۆستایانی ئایینی هانداوه‌ بۆ به‌هێزكردنی پێكه‌وه‌ ژیان، هه‌روه‌ها زۆر سوپاسی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلام و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام ده‌كه‌م، كه‌ رێگربوونه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی دژایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیانی ئایینی له‌هه‌رێمی كوردستان.

له‌هه‌مان كاتدا سوپاسی مه‌تران و پیاوانی ئایینی مه‌سیحی ده‌كه‌ین له‌هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌یان نه‌داوه‌ به‌هیچ ده‌نگ و كرده‌وه‌یه‌كی هه‌راسانكاری، یان هه‌ڵسوكه‌وتێك كه‌ دڵی موسڵمانان و یان هه‌ر ئایینێكی دیكه‌ ئازار بدات و دژی هه‌موو كردار و گوفتارێكی به‌وشێوه‌یه‌ بوون، له‌هه‌موو جیهان.

به‌رێزان :

پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتن به‌یه‌ك ره‌نگ دروست نابێت، فره‌ ره‌نگی و هه‌مه‌ڕه‌نگی بووه‌ته‌ مایه‌ی پێشكه‌وتنی جیهان و مرۆڤایه‌تی، شه‌ڕی ئایینی و تایفی زۆر وڵاتی وێران كردووه‌ و دوایخستووه‌، به‌ڵام ئه‌و گه‌لانه‌ی پێكه‌وه‌ ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیان هه‌یه‌، وڵاته‌كان و جیهانیان پڕكردووه‌ له‌ پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیاو شارستانی، رێگه‌ی پێشكه‌وتنی وڵاتان و خۆشگوزه‌رانی گه‌لان زۆر به‌ روونی دیاره‌، كه‌ ئه‌ویش ئاشتییه‌ و یه‌كتر قبووڵكردن و پێكه‌وه‌ ژیانه‌، ئێمه‌ رێگه‌ی راست و رێگه‌ی خوامان هه‌ڵبژاردووه،‌ كه‌ باوه‌ڕمان به‌ پێكه‌وه‌ ژیانه‌، خوای گه‌وره‌ ده‌یتوانی هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌ یه‌ك  نه‌ته‌وه‌ و زمان دروست بكات، به‌ڵام فره‌یی كرده‌ میكانزمی پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی، ئه‌ویش به‌ هاندانی مرۆڤه‌كان بۆ یه‌كتر ناسین و هاوكاری و پێكه‌وه‌ ژیان.

ئێسته‌ له‌و شوێنه‌ و له‌و به‌ری شه‌قامه‌كه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌نیسه‌ جوانه‌، مزگه‌وتێكی جوان ده‌بینین، ئاسۆیه‌كی رۆن ده‌بینم بۆ به‌هێزبوونی زیاتری پێكه‌وه‌ ژیان له‌ كوردستان، هیوادارم هه‌موو كاتێ هه‌موو دایك و باوكێك له‌ماڵ، هه‌موو مامۆستایه‌ك له‌ قوتابخانه‌ و هه‌موو مامۆستایه‌كی ئایینی له‌ په‌رستگا، وانه‌ی جوانی پێكه‌وه‌ ژیان بڵێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ ویستی خودای گه‌وره‌یه‌ و رێگه‌ی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ و ده‌بێ ئه‌و رێگه‌یه‌ به‌ر نه‌ده‌ین و هه‌تا بتوانین به‌هێزی بكه‌ین.

جارێكی دیكه‌ پیرۆزبایی كردنه‌وه‌ی ئه‌م کاتیدرال و كۆمه‌ڵگه‌تان لێده‌كه‌م و هه‌ر بژین به‌ ئاشتی و خۆشه‌ویستی