کلێسای “نێردراوانی پیرۆز” لە هەولێر کرایەوە

کلێسای “نێردراوانی پیرۆز” لە هەولێر کرایەوە، لە میانەی وتارێکدا مارئاوای سێیەم، پاتریارکی کلێسای رۆژهەڵاتی ئاشووری لە عێراق و جیهاندا رایگەیاند، سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.

لە رێورەسمەکەدا، مارئاوای سێیەم، پاتریارکی کلێسای رۆژهەڵاتی ئاشووری لە عێراق و جیهاندا، لە میانەی وتارێکدا رایگەیاند، زۆر سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پشتیوانیکردنی کلێسەکەیان، کە توانیان کورسی پاتریاڵیک بگوازنەوە بۆ هەولێر، بە تایبەتی کە بارەگای پاتریاڵ لە ئەیلولی ساڵی رابردوو بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی کرایەوە، لەسەر بنەمای ئەم پەیوەندییە مێژووییە بنیاتنرا کە لە نێوان پاتریاڵەکانی بنەماڵەی مار شەمعون و شێخ عەبدولسەلام بارزانی پیش جەنگی جیهانی یەکەم هەبووە، تا ئێستاش پەیوەندی دۆستایەتی و رێزگرتن لە نەتەوەی ئاشووری دەبینین و هەروا بەردەوامە.

راشیگەیاند، ئەمڕۆش کلێسای نێردراوانی پیرۆز لە هەرێمی کوردستان کرایەوە، بە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات گوتی: “حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چاوێکی برایانە نەک بە تەنیا هەرێمی کوردستان دەبینێت، بەڵکو هەموو پێکهاتەکانیش دەبینێت، کە بە ژمارە کەمن بەڵام گرنگن و مێژووی دێرینیان هەیە وەکو نەتەوەی ئاشووری”.

باسی لەوەشکرد، لەو هەرێمەی کە تێیدا دەژین دەبێت هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی ئەو نیشتمانە ببێتە ماڵی هاوبەشمان و ئامانجی بەرزیشمان سەرکەوتنی هەمیشەیی ئەم هەرێمە بێت، ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم جەخت دەکاتەوە، لەسەر گرنگی پێکەوە ژیان لە نێوان نەتەوەکان وەک برا بەبێ جیاوازی نەتەوەی و ئایینی، هەرێمی کوردستان یەکێکە لە دیارترین نیشانەکان کە هیوا بە هەموو وڵات و گەلەکەی دەبەخشێت.

کڵێسا، واتە پەرستگای کریستیانەکان، کە تێیدا کۆدەبنەوە بۆ پاڕانەوە و نزاکردن، سەرەتا کلێساکان لە ماڵە تایبەتەکاندا بوون، کریستیانەکان لەوێدا کۆدەبوونەوە بۆ نزاکردن لە دواییدا پەرستگای تایبەتیان بۆ دروستکرا.