لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، “دواى ئەوەی لە (٣ی ئابی 2023) لەگەڕەکی کەرامەی شاری کەرکووک تۆمەتبارێک بەناوی (ه. م. ع.) بە چەک هێرشیکردە سەرماڵی غەزووری و بووە هۆی کوژرانی خەزووری بەناوی (ئەحمەد عەباس ساڵح) و خەسووی بەناوی (شلێر ساڵح) و خێزانی تۆمەتبارەکە بەناوی (فێنک ئەحمەد عەباس) و برینداربوونی کوڕە غەزوورەکەی بەناوی (محەممەد عەباس ساڵح)”.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، زانیاریمان بەدەست گەیشتووە کە تۆمەتبارەکە بەرەو شاری سلێمانی هەڵاتووە، دواتر بۆمان دەرکەوت کە تۆمەتبارە دێتە شاری هەولێر، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، تواندرا تۆمەتبار (ه. م.ع.) دەستنیشان بکەن و دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆ و بەڕێوەبەرايەتی پۆليسی هەولێر و بەڕێوەبەرايەتی بازگەكان دەستگیرکرا.
هەروەها ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، رێکارە یاساییەکان گیراوەتەبەر.