ئێوارەی ڕۆژی هەینی 4ی ئابی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی پارلەمانی شانشینی ئۆردۆن بە سەرۆكایەتی بەڕێز دكتۆر ئەحمەد ئەلخەلایلە جێگری یەكەمی سەرۆكی پارلەمانی شانشینی ئۆردۆن كرد.
لە دیدارەكەدا كە بەڕێز مونتەسەر ئەلعەقلە باڵیۆزی ئۆردۆن لە عێراق و بەڕێز فواد ئەلمجالی كونسوڵی ئۆردۆن لە شاری هەولێر ئامادە بوون، شاندی میوان سڵاوی تایبەتی شای ئۆردۆنیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند و بە بایەخەوە باسی پەیوەندییەكانی نێوان شانشینی ئۆردۆن و هەرێمی كوردستانیان كرد و هەورەها پێزانینیان بۆ پێشكەوتن و گەشەی هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكان هەبوو و ڕایانگەیاند كە بەچاوی ڕێزەوە سەیری ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە پێكەوەژیان و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە دەكەن. هەروەها ڕۆڵی هەرێمی كوردستانیان لە حەواندنەوەی سەدانهەزار ئاوارە و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە وردی ئاماژەی بە مێژووی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئۆردۆن كرد كە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر و شا حوسێن بنیاتنراوە. هەروەها سوپاسی شا عەبدوڵڵا پادشای ئۆردۆنیشی كرد كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكان و لەشەڕی دژی تیرۆردا پاڵپشت و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بووە. سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆشی نیشان دا بەوەی كە دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئۆردۆن لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا قووڵ بووەتەوە و پێشڤەچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.