لە مەودوا هاووڵاتیان دەتوانن بە ئەلیکترۆنی سکاڵا بکەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/8/2023، کردنەوە و خستنەکاری سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ تۆمارکردنی سکاڵای هاووڵاتیان راگەیەندرا.

ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “ئەو پڕۆژەیە بیرۆکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، و لەسەر راسپاردەی جەنابیان پڕۆژەکە ئەنجامدراوە، ئەوەش هەنگاوێکی دیکەی بە ئەلیکترۆنی کردنی حکومەتە بۆ نەهێشتنی رۆتین و زیاتر نزیک بوونەوەی هاووڵاتی و دامەزراوەکان لە یەکتری”.

راشیگەیاند: “لەمەودوا هاووڵاتیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەتوانن سکاڵاکانیان بە شێوەیەکی راستەوخۆ بگەیەنە لایەنی پەیوەندیدار”.

هەروەها سوپاسی فەرمانگەی تەکنەلۆجیا و زانیاری و فەرمانگەی یاسایی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، بۆ هەوڵ و ماندوبوونیان بۆ دامەزراندنی ئەم سیستەمە.

هەر ئەمڕۆ بە شێوەی کرداری هەنگاوەکانی تۆمارکردنی سکاڵا جێبەجێ کرا.