سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن تاوتوێ دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی تەممووزی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ئەحمەد خەلایلە، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن و شاندێکی یاوەری کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا  سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بە “پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن” کردووە و “هەڵوێستی دۆستانەی خاوەنشکۆ شاعەبدوڵڵای شای ئوردن”ـی لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاکاندا بەرز نرخاندووە.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، شاندی میوان “خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی هەرێمی کوردستان نیشاندا و خواستی وڵاتەکەیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵی و گەشتوگوزار و پەروەردە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دووپات کردەوە”.

هەر یەکە لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و مونتەسر عەقلە، باڵیۆزی ئوردن لە عێراق و کونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەولێر ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.