ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، کۆنفرانسی ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییان بە دروشمی (بەرەو داهاتوویەکی بەردەوامی سەقامگیر بۆ ئێزدییان) و لەژێر چاودێری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا رایگەیاند: یادکردنەوەی جینۆسایدی ئێزدییان یادکردنەوەیەکی زۆر جیاواز و تایبەتە، چونکە ئەو جینۆساید و کارەساتە، بەلای ئێمەوە هێشتا بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ و پیاوانی رفێندراوی ئێزدی بێسەروشوێنن.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: “تاوەکو یەک رفێندراوی ئێزدی مابێت، تاوانەکە کۆتایی نەهاتووە”.
وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدا، لێکەوتەکانی ئەو کارەساتە تاوەکو ئەمڕۆش غەم و ژان و ئازار بۆ ئێزدییان و تەواوی گەلی کوردستان دەهێنێت.
سەبارەت بە رزگارکردنی شنگال لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش، نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو، ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە کە هەمووان پێکەوە، رێز لە قارەمانی و قوربانیدانی پێشمەرگە بگرین، کە دوای خۆرێکخستنەوەی پێشمەرگە، لەژێر فەرماندەیی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەفسانەی داعش لەسەر زەوی تێكشێکندرا.
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا بە تایبەتی سوپاسی خەڵکی پارێزگای دهۆکی کرد کە بەهەموو شێوەیەک هاوکار بوون لەگەڵ خوشک و برایانی ئێزدی، گوتیشی: ئەوە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە، کە لە دیمەنێکی زۆر مرۆڤانەدا لە بادینان، خەڵک دەرگای ماڵ و قوتابخانە و تەنانەت مزگەوتەکانیشیان بۆ پێشوازی و حەوانەی خوشک و برایانی ئێزدی کردەوە.