سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی بودجەى عێراق، کارەبا و بەنزین دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئابی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە تەوەرەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دواپێشهاتەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 – 2025 و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکرێن.

بارودۆخی کارەبا و بەنزین لە هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت و لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا باسیان لێوە دەکرێت.

لە بڕگەی سێیەم و کۆتاییدا، پرۆژەی پێدانی پارە بە شێوەی ئەلیکترۆنی و پرۆژەی خەرجکردنی مووچە لە ڕێگەی هەژماری بانکی گفتوگۆ دەکرێن.

ئێواری دوێنێ سێشەممە 1ـی ئابی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025، پشکی ئەم مانگەی هەرێمی کوردستانمان لە بودجە رەوانە کردووە”.

دوای لێدوانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رەتیکردەوە هیچ بڕە پارەیەک خرابێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کورستان و ئاماژەی بەوەش دا، ” لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و هیچ دام و دەزگایەکی حکومەتی عێراقەوە هیچ شتێکی فەرمیان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بەناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان”.

لەلایەن خۆیەوە باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، “لە چوارچێوەی یاسای بودجە و رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەیانی رۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممە بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرین بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێم”.