دروستکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە

گەرمیان گلی – هەولێر

عومەر گەردی خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی خانووبەرە تایبەت بە “ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: لە ڕووی کڕین و فرۆشتنەوە دۆخی خانووبەرە باش نیە، هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سیاسی و جێگیرنەبوونی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، هەروەها لە ڕووی کرێوە باشە و خواستێکی زۆر هەیە لەسەر شوقە و خانوو لە گشت پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر.

باشترین کات بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون ئێستایە، چونکە لە زۆربەی پڕۆژەکانی شاری هەولێر نرخی یەکەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، هەروەها گەشبینین بەوەی لە ماوەیەکی کەم، دوای ڕێککەوتنی سیاسی هەرێم و بەغدا و جێگیربوونەوەی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار، بازاڕ جوڵەیەکی باشتری دەبێت و نرخ بەرز دەبێتەوە.
عومەر گەردی زیاتر گوتی: ئێستا کۆمپانیا و نووسینگەی خانووبەرە زۆر بووە، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا لە شاری هەولێر کۆمپانیای خاوەن متمانە و پڕ ئەزموونمان هەیە، کە هاوڵاتی لێیان ڕازییە و متمانەیان پێ دەکات و، کەم کەس لە ژێر دەستیان تووشی فێڵ و زەرەری ماددی بووە، بۆیە وا باشترە کە هاوڵاتیان لەگەڵ ئەم کۆمپانیا و نووسینگە ئەزمووندارانە مامەڵە بکەن، هەروەها کۆمپانیا و نووسینگەکانی خانووبەرە پێویستە بەرژەوەندی کڕیار و فرۆشیار بخەنە پێش بەرژەوەندیی خۆیانەوە و ڕینوێنیی ئەم پڕۆژانەیان بۆ بکەن کە لە ڕووی کوالێتی و خزمەتگوزاریەوە باشن و سوودمەند دەبن و تێدا دەحەسێنەوە.
عومەر گەردی دەربارەی تەواونەکردنی بەشێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوون گوتی: هیچ پڕۆژەیەک نیە تەواو نەکرێت، لە ماوەی ڕابردوودا چەند پڕۆژەیەک وەستابوون و دواتر لە لایەن حکومەت و دەستەی وەبەرهێنان بەدواداچوونیان بۆ کرا و پڕۆژەکانیان دەست پێکردەوە و ئێستا ئیشکردن لێیان بەردەوامە، کاتی تەواوبوونی هەر پڕۆژەیەک دوو ساڵ و نیو تا سێ ساڵی دەوێت بە پێی گەورەیی و بچووکی پڕۆژەکە، بەڵام بە داخەوە زۆرجار کۆمپانیاکان یان نووسینگەکانی خانووبەرە بەڵێنی دوو ساڵ بە هاوڵاتیان دەدەن بۆ بە بازاڕکردنی یەکەکان.
عومەر گەردی دەربارەی نرخی خزمەتگوزاری پڕۆژەکان گوتی: لە ماوەی ڕابردوودا لە پڕۆژەکانی شاری هەولێر نرخی خزمەتگوزاری جیاوازی بەرچاویان هەبووە و نیشتەجێبووان ناڕازی بوون لە زۆری نرخەکان، دواتر لە بەدواداچوونێکی پارێزگاری هەولێر و قایمقامیەت، نرخەکان کەمکرانەوە و جێگیرکران لە چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوون، ئێمە دەستخۆشیان لێ دەکەین و هیوادارین بەردەوام بن لە بەدواداچوون و جێگیرکردنی نرخی خزمەتگوزاریەکان بە پێی ڕووبەری یەکەکان و چۆنیەتی خزمەتگوزاری پڕۆژەکە، هەروەها نرخی خزمەتگوزاری دیاری دەکرێت لەسەر چۆنیەتی خزمەتگوزاری پڕۆژەکە وەکو، دابینکردنی ئاو و سکیوریتی ٢٤ کاتژمێرە و پاکڕاگرتنی پڕۆژەکە و باخچە و سەوزایی و پارکینگی ئۆتۆمبێل و فڕێدانی زبڵ و خاشاک.