محەمەد جەلیل:پرسی نەتەوەیی و، حەزی خوێندن بە کوردی لە کەرکووکدا گەرمە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

دوای نەمانی کورد لە کەرکووک دۆخی خوێندنی کوردی و جیاوازییەکانی لەگەڵ خوێندنی مەرکەزی زۆرە و مامۆستایانی خوێندنی کوردی داوای چارەسەر لە وەزارەتی پەروەردە دەکەن.

محەمەد جەلیل ئەندامی لقی کەرکوکی مامۆستایانی کوردستان لەم دیمانەیەیدا تایبەت بە “ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: لە کەرکووک دۆخی خوێندنی کوردی لە ئاستێکی باشدایە، لەکاتی دامەزراندنیدا ٥٠٠ قوتابخانە کرایەوە، لە دوای ٢٠٠٣ کە کورد گەڕایەوە کەرکووک خزمەتێکی زۆری کرد و ساڵانە کە دەرەجەی پۆلی شەش و پۆلەکانی تر دەگەڕێتەوە ئاستەکەی دەردەکەوێت، بەڵام دەربارەی ئاستی خوێندنی کوردی لە کەرکوک بە گشتی، دەبێ لە بەڕێوەبەرانی پەروەردە داوا بکرێت و بە داتا دیاریی بکەن.
محەمەد جەلیل دەربارەی جیاوازی خوێندنی کوردی و عەرەبی گوتی: ئێمە چونکە جیاوازی خوێندنی کوردی و عەرەبیمان زۆرە، ئەو جیاوازیانەش وای کردووە مامۆستاکان نیگەران ببن و ناڕەزایەتییان هەبێت. ئێمە لەگەڵ خوێندنی مەرکەزی دەوام و تاقیکردنەوەمان بەیەکەوەیە، ئێمە تەنیا موچە و پرۆگراممان سەر بە هەرێمە، تووشی گرفت بووینە کە کاتی دەوام و تاقیکردنەوەمان لەگەڵ خوێندنی مەرکەزییە و ئەمەش لێکترازان دروست دەبێت؛ بۆ نموونە، ئێمە دەواممان هەیە، بەڵام لە هەرێم دەوام نییە، لە پرسیارەکان کێشەمان بۆ دروست دەبێت و کەس خۆی ناکاتە خاوەنی، چەندین ساڵە ئێمە بە دەست کێشەی فیزیا و کیمیاوە دەناڵێنین، کە پرسیارەکان بە هەڵە دێتەوە، کاتێکیش لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەت قسە دەکەین، دەڵێن ئێمە فۆنتی کوردیمان نییە، دەیان ساڵە کێشەی فۆنتی کوردییان هەیە و چارەسەر نەکراوە، ئەمەش هۆکاری جیاوازییە، لە پرۆگرام و کاتی دەوام و تاقیکردنەوەکان ڕوو دەدات. ئێمە چەندین جار داوامان لە وەزارەتی پەروەردە و کاربەدەستان کردووە، کە چیتر خوێندنی کوردی بەم شێوەیە نەبێت، دەبێت بودجە و شایستە داراییەکانی مامۆستایان وەکو بەغدای لێ بێت، تاکو ئێمەش لە ئاستی ئەواندا بین، مامۆستایان هیوایەکی گەورەیان هەبوو کە ئێمەش بێینە ئاست مامۆستایانی مەرکەزی، ئێمە لە کەرکووکداین و کەرکووکیین، ئەرکە لەسەر حکومەتی عێراق شایستە داراییەکانمان بۆ دابین بکات، چونکە ئێمە خزمەتی ڕۆڵەکانی کەرکووک دەکەین.
محەمەد جەلیل باس لە بایکۆتی خوێندن دەکات و دەڵێ: یەکێک لە پرسە نیشتمانییەکان و پرسی نەتەوەیی و خۆشەویستی خوێندنی کوردی، کە تا ئێستا لە کەرکوک گەرمە، ئێمە لە کەرکوک دوژمنمان زۆرە، سەرەرای نارەزایەتییەکانمان، بەڵام تا ئێستا بایکۆتی خوێندنی کوردیمان نەکردووە، چونکە لە کەرکووک گەر بایکۆت بکەی، بەغدا ئامادە نییە کاتی تر دابنێت بۆ تاقیکردنەوە، بۆیە هەر بایکۆتێک دەبێتە هۆی دواکەوتنی خوێندن و دواکەوتنی کورد لە شارەکە، بۆیە ئێمە وەکو پرسێکی نیشتمانی سەیری ئەو بابەتە دەکەین.
محەمەد جەلیل دەیشڵێت: پێش ١٦ ئۆکتۆبەر باشتر بوو، چونکە کورد خۆی لە دەسەڵات بوو، ئازادیمان زیاتر بوو، مامۆستاکان لە بۆنە نەتەوەییەکان، ئازادانە ئاڵای کوردستانیان بەرز دەکردەوە، بەڵام ئێستا ناتوانین پرسە نیشتمانییەکان وەکو پێویست بەڕێوە ببەین، بۆیە پێش ١٦ ئۆکتۆبەر باشتر بوو، ئێستا ئەو ئازادییەمان نەماوە.
محەمەد جەلیل دوا پەیامی خۆی دەگەیەنێت و دەڵێ: دوا پەیامم ئەوەیە، مامۆستایان بەردەوام بن لە خوێندنی کوردی و وا بکەین خوێندنی کوردی لە لووتکە بێت، زۆربەی ساڵەکان خوێندنی کوردی لەپێشەوە بووە، ئەگەر خوێندنی کوردی بەم شێوەیە فەرامۆش بکرێت زیانی زۆری دەبێت، هەروەها دانانی بەڕێوەبەر لە خوێندنی کوردی لە کەرکووک نایەکسانی تێدایە، بەڕێوەبەر هەیە لە ٢٠٠٣وە بەڕێوەبەرە، ئێمە یاسامان هەیە کە لە ٤ ساڵ زیاتر نابێ هەر یەک بەڕێوەبەر بێت، ئێمە دەبێت خوێندنی کوردی پێش بخەین. دەمەوێ لە کۆتاییدا بڵێم مامۆستایان زۆر نیگەرانن، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەمساڵ کاریگەری زۆر خراپ دەکاتە سەر پرۆسەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک.