روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی داراییەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (1ـی ئابی 2023)، لە راگەیاندراوێکدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد،” دوای ئەوەی لە چەندین میدیا و پەیجی سۆشیال میدیا هەواڵی ناردنی بودجەو مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڵاو کرایەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری روونی دەکاتەوە، کە تا ئەم ساتە هیچ بڕە پارەیەک نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کورستان”.

لە راگەیاندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری باس لەوەشدەکات، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و هیچ دام و دەزگایەکی حکومەتی عێراقەوە هیچ شتێکی فەرمیان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بەناردنی بودجەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کات هەر بڕە پارەیەک خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی بەڕەسمی و شەفافانە کات و بڕەکەی رادەگەیەنین.

هەر لە میانەی راگەیاندراوەکەدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەش خراوەتەڕوو “تکاتان لێ دەکەین متمانە بەو کەناڵ و سایت و پەیجانە مەکەن کە رۆژانە نابەرپرسیارانە یاری بەهەست و سۆزی فەرمانبەران و مووچە خۆران دەکەن و هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە لەسەر دابەشکردنی مووچە بڵاو دەکەنەوە، بۆ دەستکەوتنی هەواڵی راست و دروست لەسەر کاتی دابەشکردنی مووچەو هەر بابەتێکی تری فەرمی پشت بە راگەیاندن و کەناڵە فەرمییەکانی حکومەت و وەزارەتی دارایی ببەستن”.