هەوالێکی خۆش لەبارەی بەشەخۆراکی مانگانە

ماددەیەكی دیكە بۆ بەشەخۆراك زیادكرایەوە

دوای چەند مانگێك لە ڕاگرتنی دابەشكردنی “فاسۆلیا” لە ناو ماددەكانی سەبەتەی خۆراك، لە بەشەخۆراكی ئەم مانگەوە ئەو ماددەیە بۆ بەشەخۆراك زیاد كرایەوە.

شەوکەت محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی حەوت، بەرهەمە پاقلەمەنییەکان وەک فاسۆلیا و نیسک و لەتکەنۆک بەسەر بریکارەکاندا دابەش كراوە.

ڕاشیگەیاند، پارەی بەرهەمەکانی دیکەمان وەرگرتووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەسەر بریکارەکانی خۆراکدا دابەشیان دەکەین.

جەختیشی كردەوە، هەر بریکارێک زانی بەرهەمە خۆراکییەکانی بۆ خواردن شیاو نین یان مێش و ئەسپێ لێیداوە ئاگادارمان بکاتەوە و خۆراکەکە بگەڕێنێتەوە بۆ گەنجینەكان.

لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی كەلوپەلی خۆراكی هەولێر، ئاگادارییەكی بڵاوكردۆتەوە و ڕایگەیاندووە، ئاگاداری بریكارەكانی خۆراك دەكەینەوە كە دەست دەكەن بە پێدانەوەی لیستی بریكاری خۆراكی مانگی حەوت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، داوا لە بریكارەكانی خۆراكی دەكەین بە زووترین كات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی خۆراك بكەن، بـۆ وەرگرتنەوەی لیستی پسوولەی پارەی مانگی تەمموز.