سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە دانپێدانانی بەریتانیا بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئێزیدییەکان دەکات

رۆژی سێشەممە (1ـی ئابی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش لە دژی ئێزدییەکان لەلایەن بەریتانیا دەکەم، ئەمە دانپێدانانێکی دادپەروەرانەیە لە بەرامبەر تاوانێکی قێزەون و رابردوویەکی پڕ لە ئازار.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان توانییان بەسەر ئەم تاوانەدا زاڵبن و بەهێز بمێننەوە، ئێمە هاوشان لەگەڵ گەلە سەربەرزەکەمان لە ساڕێژبوون و دووبارە بوونیادنانەوە دەوەستین.

ئەمڕۆ سێشەممە (1ـی ئابی 2023)، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی بەریتانیا لە بەیاننامەکەیدا تاوانی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بەجینۆسایدناساند.

لە مانگی ئابی ساڵی 2014 رێکخراوی تیرۆریستی داعش دوای پەلاماردانی ژمارەیەک پارێزگای عێراق، هێرشیکردە سەر قەزای شنگال و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لەژێر کۆنتڕۆڵیدا مایەوە.

داعش زیاتر لە سێ هەزار و 200 کوردی ئێزدی کومەڵکوژ کرد و نزیکەی حەوت هەزاری دیکەشی رفاند، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ بوون.

له‌باره‌ی به‌ جینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان له‌لایه‌ن رێكخراوی داعشه‌وه‌، دیندار زێباری رێکخەرى نووسینگەى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتى کوردستان، لە 30ـی کانوونی دووەمی 2023 رایگەیاند، تا ئێستا 10 وڵات کۆمەڵکوژیی ئیزیدییەکانییان بەجینۆسایدناساندووە.