به‌ئاماده‌بوونی هاوپه‌یمانان و ئۆفیسی هاریكاری ئاسایش له‌ كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ڕێوه‌چوو

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ ئاماده‌بوونی راوێژکارانی هاوپەیمانان و بەرپڕسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمه‌ریکا لە هەولێر، کۆبوونەوەیەک له‌باره‌ی بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاکسازی  له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: بەردەوامیدان بەپرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکان و جێبەجێکردنی تەواوی بڕگە و خاڵەکانی پڕۆژە یاسای چاکسازی، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی فراوانی ئەمڕۆی وەزارەتی پێشمەرگە بوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، دووپات لە بەردەوامیدان بەپرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکان و جێبەجێکردنی تەواوی بڕگە و خاڵەکانی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرایەوە،  کە رەزامەندی سەرۆکایەتیەکانی هەرێمی کوردستانی لەسەرە.

لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە، لە چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکان و پشتیوانیکردن لە لەپێناو کارابوون و بەگەڕخستنی تەواوی تواناکان لەناو یەکەکاندا، بە ئامانجی خێراترکردنی رێكکارەکان و هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی تەواوی هێزەکان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

هه‌روه‌ها ئاستی ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی داهاتووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرایە بەرباس و هاوکات دووپات لەپابەندبوونی هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی کرایەوە لەپشتگیریکردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دا.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ بە ئامادەبوونی فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محه‌ممه‌د سدیق ئەمینداری گشتی، جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، راوێژکاری وەزارەت، ئەمین سڕی سەرۆکایەتی ئەرکان، کۆڵۆنێڵ جیم هەنتەر بەرپڕسی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لەهەرێم، کۆڵۆنێڵ میشێڵ گاچێرۆ بەرپڕسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمه‌ریکا لە هەولێر و شاندێکی ڕاوێژکارانی هاوپەیمان لەهەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوو.