ئەگەری هەیە لە کەرکووک کورد بە ٤ لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیارە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ چەند لایەنێک لە کەرکووک بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات، کە شەشی ئەم مانگە دوا وادەی تۆمارکردنی ھاوپەیمانیێتییەکانە. درێژکردنەوەی ئەو وادەیە، بەمەبەستی پێدانی کاتی زیاترە بە قەوارە و پارتە سیاسییەکان بۆ تۆمارکردنی ھاوپەیمانیێتییەکان. ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستە لە کەرکووک ھیچ لیست و ھاوپەیمانیێک بۆ ھەڵبژاردن تۆمار نەکراون. محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت: پارتی زۆر بەباشی خۆی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئامادەکردووە.

لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بیست و سێ ملیۆن و سێ سەد و شەست و حەوت ھەزار و ھەشتا و یەک کەس مافی دەنگدانیان ھەیە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پازدە پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواشەوە، ھەروەھا کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت ھەزار و ھەشت بنکەی دەنگدان کە چل و حەوت ھەزار و شەش سەد و پەنجا و پێنج وێستگەی دەنگدان لەخۆ دەگرێت، ھەروەھا پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ماددەی ١٥ و ١٦ی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردندا، بەگوێرەی ماددەی ١٥، سێ سەد و بیست کورسی بەسەر پارێزگاکان دابەش دەکرێن، نۆ کورسیش بەسەر کۆتاکاندا بەمشێوەیە دابەشدەکرێن مەسیحی پێنج کورسی لە ھەریەکە لە پارێزگاکانی بەغدا، ھەولێر، دھۆک و نەینەوا. سابیئەی مەندائی یەک کورسی لە پارێزگای بەغدا، کوردی فەیلی لە پارێزگای واست یەک کورسی، شەبەک یەک کورسی پارێزگای نەینەوا، ئێزیدی یەک کورسی لە پارێزگای نەینەوا. بەپێی ھەموارەکە، ئەو پارێزگایانەی کۆتاکانیان بەسەردا دابەشکراوە بە یەک بازنە ھەڵبژاردن دەکەن. ھەروەھا پەرلەمان دەنگی لەسەر ماددەی ١٦ ی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پارێزگاکاندا، ئەویش جیاکردنەوەی دەنگەکانە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و بەدەست، واتە لە ھەمان وێستگەی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستیش دەکرێت.
بەو پێیەی لە کەرکووک ڕکابەری تووندی سیاسیی لەنێوان لایەنەکاندا ھەیە، پێشبینی دەکرێت ھیچ لایەنێک تاوەکو دوایین ڕۆژەکان، لیست و قەوارە و بەربژێرەکانی ئاشکرا نەکات و پێشکەشی کۆمیسیۆن نەکەن.
لە کەرکووک تائێستە لایەنە کوردستانییەکان نەگەیشتوونەتە بڕیاری کۆتایی کە بە چەند لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات، ئەوەی ئێستە ھەیە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی پارێزگاکە، کورد بە سێ یان چوار لیست بەشداری ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات، پارتی و ژمارەیەک حیزب بە جیا و یەکێتی و چەند حیزبێک و نەوەی نوێش بە جیا، ئەگەریش ھەیە لیستی دیکەش دروست بێت و بگاتە چوار لیست.
لایەنە کوردییەکان ئەگەرچی کۆبوونەوە و دیداری زۆریان کردووە، بەڵام تائێستە ئاسۆی یەکگرتنیان ناڕوونە، کورد چاوی لەوەیە لە پارێزگای کەرکووک ژمارەیەکی زۆر کورسی و لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین و دیالەش بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووانی کورد، کورسی بەدەست بھێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستە ھیچ ھاوپەیمانییەکی کوردستانی پێک نەھێنراوە.
ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڕیارە ڕۆژی، ١٨-١٢-٢٠٢٣ لە ھەموو پارێزگاکانی عێراق جگە لە چوار پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان بکرێت. ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە لە کەرکووک دەکرێت، دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق کرابێت لە ساڵی ٢٠١٣ بوو.
تا ئێستە نزیکەی دوو سەد و ھەشتا حیزبی سیاسی و بیست و چوار ھاوپەیمانێتی ناوی خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکردووە. لەو بیست و چوار ھاوپەیمانێتییەی تۆمارکراون، پازدەیان نوێن و نۆی دیکەشیان کۆنن.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، گوتی: ھێشتا دەرفەتی یەک لیستی ماوە و وەکو پارتی لە سەرەتاوە لەگەڵ یەک لیستی بووینە بۆ بەشداریی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پێویستە سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و بەرژەوەندیی کورد و داھاتووی کەرکووک لەبەرچاو بگرن.
بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، ئاشکراشی کرد: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان خەریکی دروستکردنی ھاوپەیمانیەتین و ھاوپەیمانیەتی لە کەرکووک لەگەڵ ھەندێک لایەن دروست دەکەین بۆ بەشداریکردنی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، پرۆسەکەش وا دەخوازێت و بەرژوەندیش لەمەدایە دوو لیست ھەبێت ھەر یەکێک لەگەڵ چەند لایەنێک، بۆ ئەوەی دەنگی کورد لەو ناوچانە پەرتەوازە نەبێت، تا ئێستە شەش حیزبی فەرمی کەرکووک، ئامادەیی خۆیان نیشانداوە لەگەڵ پارتی ھاوپەیمانی پێک بھێنن.
محەممەد کەمال، دەشڵێ: لەگەڵ ھەندێک لایەن ڕێککەوتووین و لەگەڵ ھەندێک لایەنیش لە دانوستانداین، بۆیە ئێمە وەکو پارتی لەگەڵ ھەندێک لایەن بەشداری دەکەین و ئەوانەی دیکەش پێکەوە یاخود بە چەند لیستێک بەشداری بکەن، بۆیە ئەوەی ئێمە لەسەر بڕیاری مەکتەبی سیاسی و سەرۆک بارزانی دەمینێتەوە، چۆن بەشدار بین لەو ھەڵبژاردنە.
لەبارەی ئەوەی وەکو پارتی چۆن خۆیان بۆ ئەو ھەڵبژاردنە ئامادە کردووە، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، گوتی: زۆر باش خۆمان بۆ ھەڵبژاردن ئامادە کردووە و پێویستە ئاوارەکانیش بۆ دەنگدان بێن لە کەرکووک دەنگی خۆیان بدەن.