مەڕاسیمی وەفا بۆ مامۆستا فەلەکەدین کاکەیی بەڕێوەچوو

لە دەیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی تێکۆشەر و ڕوناکبیر و نووسەر و ڕۆژنامەڤانی بەنێوبانگی کورد مامۆستا فەلەکەدین کاکەیی، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان مەڕاسیمی وەفا بە نێوی ( مامۆستا فەلەکەدین کاکەیی و گەردانەی وشەکانی نیشتیمان ) ساز کرد.

دەسپێک بریتیبوو لە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدان سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو.

دواتر وتاری بە خێرھێنانی میوانان لە لایەن دکتۆر سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشکەش کرا، باسی لە ڕۆڵ و خەباتی مامۆستا فەلەکەدین کاکەیی لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان كرد.

ھەر لەو مەڕاسیمە، مەسعود سالەیی بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای تێکۆشەران، لە ڕووی سیاسیی و تێکۆشانی نیشتیمانی باسی لە ئەزمووونی مامۆستا فەلەکەدین کاکەیی كرد کە بەردەوام لە خەمی نیشتیمانەکەی بووە.

پاشان دکتۆر محمد خدر مەولود لە ڕووی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنەوە باسی لە بیرمەندیی و لێھاتوویی مامۆستا فەلەکەدین کاکەیی کرد لە بواری خزمەتی کەلتووری و ڕۆشنبیری.

لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا دکتۆر فەرھاد کاکەیی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە باسی لە گەورەیی مامۆستا فەلەکەدین کاکەیی کرد كە بەردەوام لە نێو خەڵک بووە و ھەموو چین و توێژەکانیش خۆشییان ویستووە.

بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکە، خەڵاتی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە لایەن بەڕێز تەحسین دۆلەمەری ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن پێشکەش بە خانەوادەی مامۆستا فەلەکەدین کاکەیی کرا خەڵاتەکە بە خاتوو ئاشتی فەلەکەدین کاکەیی بەخشرا.

لە کۆتاییدا بەڕێز ڕەزا کاکەیی وتاری بنەماڵەی پێشکەشکرد و سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد بۆ سازدانی ئەم ڕێوڕەسمە شایستەیە.