زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە:لە چوار ساڵدا بە گوژمەی زیاتر لە دە ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکە جێبەجێ کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر


زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە، دەڵێت: حکوومەتی هەرێم ئامانجی ئاوەدانکردنەوەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستانە، قەزای بنەسڵاوەش پشکی شێری بەرکەوتووە، تەنیا لەو چوار ساڵەدا بە گوژمەی زیاتر لە دە ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکەدا جێبەجێ کراون، ئێستەش چوار پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ دەکرێن.

سەرۆکی شارەوانی بنەسڵاوە، دەشڵێ: گرنگی زۆر بە سەوزایی، شەقام و شۆستەکان دراوە، سەرجەم ڕێڕەوە ئاوییەکان پاککراونەتەوە، بۆیە دەتوانم بڵێم لە ھەموو سێکتەرەکان خزمەتگوزاری پێشکەش بە بنەسڵاوە کراوە، ئاوی پاک گەیندراوەتە گشت ماڵێک. ھەموو شەقامەکان نۆژەنکراونەوەتەوە، ئێستە دوو سایدی بنەسڵاوە لە جێبەجێ کردندایە، ئەوەش بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتییان کار ئاسانییەکی باش دەبێت، شەقامی نوێ بۆ گەڕەکە تازەکان کراون، ئەوانە پڕۆژەی زۆر باشن و ھاووڵاتییان ڕاستەوخۆ سوودی لێ دەبینن.
لەبارەی ئەو پڕۆژانەی ئێستە لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە، ڕایگەیاند: بنەسڵاوە ٨ گەڕەک و چوار شارۆچکە لە خۆ دەگرێت، ئێستە چوار پڕۆژەی زۆر گرنگ لە بواری جێبەجێ کردندان، لەوانە پڕۆژەی بە دوو سایکردنی شەقامی بنەسڵاوە، پڕۆژەی دروستکردنی شەقام و ئاوەڕۆ لە ھەر دوو گەڕەکی گوڵان و گەڕەسۆر، لەگەڵ ئەوەی لە گوندەکان پڕۆژەی زۆر باش جێبەجێ دەکرێن.
زریان سەباح گوتیشی: زیاتر لە دە ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ھەموو سێکتەرەکان لە شارەکەدا جێبەجێ کراون، لەوانە ئاو، کارەبا، شارەوانی، ڕێگەوبانەکان لە گوندەکان پڕۆژەی زۆر باش کراون. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت بەشێکی زۆری داواکاریی ھاووڵاتییان جێبەجێ کراون، تەنیا لە ئێستەدا ھاووڵاتییان گلەیی لە کەمیی ئاو دەکەن، بەڵام ئێستە خۆشبەختانە کۆمەڵێک چاڵاوی زۆر باش لە قەزاکە لێدراون، ئەوەش وا دەکات کە خەڵکی شارەکە لە کێشەی کەمئاوی ڕزگار بن. بۆ داھاتووش پڕۆژەی زۆر باشمان پێشنیازکردووە ھەم بۆ شارەکە، ھەمیش بۆ شوێنەکانی دیکە.

ھەواڵی زیاتر