پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ يادى چل ساڵەی ئه‌نفالكردنى بارزانيياندا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ يادى ئه‌نفالكردنى بارزانيياندا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، ئه‌نفالكردنى بارزانييان نه‌ک هه‌ر هێز و تينى گه‌له‌كه‌مانى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م و دكتاتۆرى خاو نه‌كرده‌وه‌، بەڵکو گيانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ئيراده‌ى سه‌ركه‌وتن و ئازادى به‌گوڕتر كرده‌وه.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی 07ـی 2023 لە یادی ئەنفالکردنی بارزانییاندا ئەو تاوانە بیر دەهێنێتەوە و ڕایگەیاند: ئه‌مڕۆ به‌ ڕێز و شكۆوه‌، يادى چل ساڵه‌ى ئه‌نفالكردن و بێسه‌روشوێنكردنى هه‌شت هه‌زار مێرمنداڵ و گه‌نج و پياو و پيرى بارزانى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ كۆتاييى ته‌ممووز تا ناوه‌ڕاستى ئابى 1983 له‌ كۆمه‌ڵگه‌ زۆرملێكاندا، بوونه‌ قوربانيى تاوانێكى دڕندانه‌ و هه‌ڵمه‌تێكى ڕه‌شبگيريى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق و ئيتر هه‌رگيز نه‌گه‌ڕانه‌وه‌.

ڕاشیگەیاند: به‌ هه‌زاران خێزانى بارزانيى بێ ده‌سه‌ڵات له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانى قوشته‌په‌ و به‌حركه‌ و هه‌رير و سۆران و چه‌ند شوێنێكى ديكه‌، بێ باوک و برا و به‌ هه‌زاران خانمى ڕووسوورى بارزانى، بێ مێرد مانه‌وه‌ و ناچار بوون به‌ ته‌نيا ڕووبه‌ڕووى چاره‌نووسێكى ناديارى سه‌خت ببنه‌وه‌ و به‌رگه‌ى ده‌يان ده‌رده‌سه‌رى و نه‌هامه‌تى بگرن و بمێننه‌وه‌.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەو ئاڵنگارییانە کردووە کە ئەوکاتە بارزانییەکان ڕووبەڕووی بوونەوە، دەڵێت: ئه‌وان بۆ منداڵه‌كانيان بوون به‌ باوک، بۆ په‌يداكردنى بژێوى ژيان و په‌روه‌رده‌كردنيان، ئازار و سه‌ختى و ناخۆشيى زۆريان كێشا. به‌رگه‌ى نه‌بوونى و هه‌ژارى و بێكه‌سييان گرت و به‌ گيانێكى ئاڵنگارييانه‌ى به‌رزه‌وه‌، ڕووبه‌ڕووى ژيان بوونه‌وه‌ و لێهاتووانه‌ نه‌وه‌يه‌كى نيشتمانپه‌روه‌ر و وڵاتپارێزيان په‌روه‌رده‌ كرد. ده‌ستى يه‌ك به‌ يه‌كى ئه‌و دايكه‌ ميهره‌بان و دڵسۆزانه‌ ماچ ده‌كه‌م.

نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە ئه‌نفالكردنى بارزانييان هەروەها گوتی: ئه‌نفالكردنى بارزانييان وه‌ک هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ى ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان كران، نه‌ک هه‌ر هێز و تينى گه‌له‌كه‌مانى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م و دكتاتۆرى خاو نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو گيانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ئيراده‌ى سه‌ركه‌وتن و ئازادى، لاى ته‌واوى گه‌لى كوردستان به‌گوڕتر كرده‌وه و به‌ بڕوايه‌كى پته‌وتره‌وه‌ به‌رده‌وامى به‌ تێكۆشان دا.

لە پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: له‌م ياده‌دا سڵاو و دروود بۆ قوربانييانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان ده‌نێرين و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين. سڵاو و سوپاس و پێزانين بۆ هه‌موو ئه‌و جوامێرانه‌ى له‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى، له‌ هه‌رير و باتاس و سۆران و له‌ هه‌ر كوێ بوون، يارمه‌تيى خێزان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوانى بارزانييان دا و په‌نايان دان.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم یادەدا جەخت لە یەکڕیزی نێوان هەموو لایەنەکان دەکاتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە “هه‌ر له‌م ياده‌ و له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكى هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕێت، جه‌خت له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ى سه‌فرازى و سه‌ركه‌وتنمانه‌.”