پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان

مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، په‌یامێكی  بەبۆنەی ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان بڵاوكرده‌وه‌. 
ئەمڕۆ دووشەممە 7/31 ، لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی؛
ئەمڕۆ چل ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە جێنۆسایدکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی بوو، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد و بارزانی بوون ، دەستگیرکران و دواتر لە بیابانەکانی عێراق زیندەبەچاڵ کران.
ئەم تاوانە گەورەیە، بەشێک بوو لە شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی ڕژێمی لەناوچووی بەعس دژ بە
گەلی کوردستان، کە بێسەروشوێنکردن و جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلی و ئەنفالکردنی ناوچەکانی بارزان و گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و چەندین دەڤەری دیکەی کوردستان، زنجیرەیەک بوو لەو تاوانە هۆڤانەی لە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دران.
جێگەی داخە لە دوای تێپەڕبوونی چل ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا، کەچی هێشتاش کەسانێک هەن بەهەمان عەقلییەت و هزری شۆڤێنی و سەردەمی ئەنفالەوە، دەیانەوێ مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان پێشێل و زەوت بکەن. لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان ، بە هەزاران قوربانی داوە و ڕووبەڕووی چەندین تاوان و کارەساتی گەورە بووەتەوە لە پێناو بەرگریکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی کە هەرگیز دەستبەرداری نابێت.
دەڤەری بارزان یەکێکە لەو ناوچانەی کوردستان، کە لە سەدەی ڕابردوودا، بە دەیان جار دووچاری وێرانکاری و کۆمەڵکوژی و جێنۆساید بووەتەوە ، بەڵام ئەو هەموو زوڵم و ستەم و تاوانانە، نەیتوانیوە ئیرادەی نەتەوەیی و گیانی خۆڕاگری و بەرگری لەم دەڤەرە لەناو ببات و هەمیشە دژی زوڵم و ستەم ڕاپەڕیون و بە هۆی خۆڕاگری و قوربانیدان و خوێنی پاکی شەهیدەکانمان، ئەم قەوارە دەستوورییەی ئێستای هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتووە و پێویستە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لێ بکەین و زیاتر گەشەی پێ بدەین.
لە ساڵیادی ئەم كارەسات و یادە خەمگینەدا ، خواست و داوای هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی شایستەی ماددی و مەعنەوی بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەپێی دەستوور، دووپات دەکەینەوە. پێویستە هەموومان کار بۆ ڕیشەکێشکردنی هزری ئەنفال و دووبارەنەبوونەوەی ئەم تاوانانە بکەین.
لە ساڵڤەگەڕی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، سەری ڕێز بۆ بارزانییە ئەنفالکراوەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە. هەروەها ڕێز و پێزانینم بۆ کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان هەیە کە ڕووبەڕووی ڕۆژگارێکی زۆر سەخت بوونەوە بەڵام توانیان سەربەرزانە منداڵ و نەوەکانیان پێ بگەیەنن . سوپاسی جوامێریی و بەهاناوەچوونی خەڵکی قارەمان و نیشتمانپەروەری هەولێر و دەوربەری و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەکەم، کە لە کاتی ئەم کارەساتەدا، هاریکار و هاوسۆزی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانی بوون.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان و گشت ئەنفالکراوانی کوردستان و هەمیشە لە یادمانن.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/7/31