سەرۆکوەزیرانی كوردستان فەرمانی دەستپێکردنی رێکارە کارگێرییەکانی بۆ بە قەزاکردنی خورماڵ ده‌ركرد

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانیدا بە دەستپێکردنی رێکارە کارگێرییەکان بۆ بە قەزاکردنی خورماڵ، ئەمەش دوای داواکاری خەڵکی ئەو ناوچەیە هات لە رێی کەمپین و داواکارییەکانیان.

دوێنێ، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی دانیشتوانی خۆشەویستی ناحیەی خورماڵ لە رێی کەمپەین و داواکارییەکانیان، داوای بەقەزاکردنی ناحیەکەیان بەرز کردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە، دەست بە رێکارە کارگێڕییەکان بکەن و ئامادەکارییەکان بۆ هێنانە کایەوەی قەزای خورماڵ تەواو بکەن.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە بەیانی رۆژی دووشەممەوە (31ـی تەمموزی 2023)ـەوە وەزارەتی ناوخۆ رێکارە کارگێڕییەکان و هەنگاوی کرداری هێنانەکایەوەی قەزای خورماڵ دەست پێدەکات.
خورماڵ دەکەوێتە باکووری پارێزگای هەڵەبجە و 10 کیلۆمەتر لە ناوەدنی ئەو پارێزگایەوە دوورە و دەیان گوند لەخۆ دەگرێت، هەروەها 70 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانییەوە دوورە، زنجیرە چیاکانی هەورامانیش لەخۆ دەگرێت کە چوار وەرزی ساڵ گەشتیاران رووی لێدەکەن بەهۆی جوانی سرووشت و کەشوهەواکەیەوە.