ڕائیب جادر – هەولێر
کەسوکاری ئەنفالکراوان بیرەوەری ئەو مەرگەساتە دەگێڕنەوە
ئەمڕۆ چل ساڵ بەسەر ئەنفالکرانی بارزانییەکاندا تێدەپەڕێت، کاتێک لە زێدی خۆیان بەرەو خوارووی عێراق و دواجاریش بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێیەکان ڕاگوێزران، لە ٣١-٧-١٩٨٣ بەبیانووی بردنیان بۆ کۆبوونەوەیەک لە شاری کەرکووک، لە بیابانەکانی نوگرە سەلمان زیندەبەچاڵ کران. ئەمڕۆ لە گۆڕستانی جینۆسایدکراوانی بارزان بە چەند چالاکییەک یادی ئەنفالکردنی ھەشت ھەزار بارزانی دەکرێتەوە.
تا ئێستە بە سێ قۆناغ شەش سەد و نەوەد و شەش ڕووفات ھێنراونەتەوە و لە گۆڕستانی جینۆسایدکراوانی بارزان بە خاک سپێردراون، لە قۆناغی یەکەم لە ١٧-١٠- ٢٠٠٥، ڕووفاتی پێنج سەد و سێ کەس ھێنرانەوە، لە ٢٠١٤، نەوەد و سێ ڕووفاتی دیکە ھێنرانەوە، ساڵی ڕابردووش سەد ڕووفاتی دیکە ھێنراوە و لە بارزان بە خاک سپێردران؛ ھێشتا ڕووفاتی زیاتر لە حەوت ھەزار و سێ سەد و چوار کەسی دیکە ماون کە بھێنرێنەوە، بەشێکی زۆر لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان ھێشتا چاوەڕوانی گەڕانەوەی ڕووفاتی ئازیزانیانن بۆ باوەشی نیشتمان و ھەمووشیان ھیواخوازن حکوومەتی عێراق مافەکانیان دەستەبەر بکات.
پیلانی ئەنفالکردنی بارزانییەکان، دەستپێکی ھەوڵێک بوو بۆ قڕکردنی میللەتێک کە دەیویست بە ئارامی و ئاشتی لەسەر خاکەکەی بژیت، بۆ ئەم مەبەستە ڕژێمی بەعس، بارزان، مەڵبەندی تێکۆشانی کردە ئامانج.
کوردستانیان و کورد، سەرگوزەشتەی زۆر تاڵیان لەگەڵ دڵڕەقیی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و لە پێش ھەموویانەوە ڕژێمی بەعسدا ھەیە، چیرۆک و گێڕانەوەی ئەو سەرگوزەشتانە کۆتاییان نایەت، ڕۆژبەڕۆژ بەڵگە و دۆکیومێنتی نوێ لەم بارەیەوە دەردەکەون.
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٩، ڕژێمی بەعس تەواوی ھۆز و تیرەکانی سەر بە بارزان، وەک بەڕۆژی، نزاری، مزووری، شێروانی، دۆڵەمەری، گەردی و ھەرکی بەمەبەستی کپکردنی ھەستی نەتەوایەتیی و بێدەنگکردنی ھاواری کوردایەتی، بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێکان گواستەوە، لە ھاوینی ساڵی ١٩٨٣، ڕژێمی بەعس ھەڵمەتێکی ڕەشبگیری لە ھەریەک لە کۆمەڵگەکانی دیانا، ھەریر، بەحرکە و قوشتەپە دەست پێکرد و لەو ھەڵمەتەدا ھەشت ھەزار بارزانی بێتاوانی ئەنفالکرد و بە ھەزاران ئافرەت و منداڵیش بێ سەرپەرشت مانەوە.
لە دەرگای ھەر ماڵێکی ئەنفالکراو بدەی ئەلبوومێک ھەیە کە ھەر وێنەیەک زیاتر لە بیرەوەریەکی ئەو تراجیدیایە لەخۆ دەگرێت. کەسوکاری ئەنفالکراوان، دەڵێن: دوای ئەنفالکردنی کەسوکارمان توشی ژیانێکی زۆر سەخت بووین، ئێستەش گێڕانەوەی ئەو ڕۆژە بۆ ئێمە ئەستەمە، بەڵام ئەو مامەڵە باشەی کە خەڵکی ھەولێر لەگەڵ ئێمەی کرد، کەمێک لە خەمە گەورەکەی ئێمەی سووک کرد، بۆیە چاکە و مەردایەتیی خەڵکی ھەولێر قەت لە بیر ناکەین.
ئەحمەد شاکر، شایەدحاڵێکی ڕووداوەکەیە گوتی: ئەنفالکردنی بارزانییەکان بە ڕاگواستن دەستی پێکرد، بارزانییەکان لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان ڕاگوێزران بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و دەستکرا بە وێرانکردنی دێھاتەکانیان و سووتاندنی دار و زەوییە چێنراوەکان و تێکدانی ژینگە و تاڵانکردنی مەڕوماڵات و بەرھەمە کشتوکاڵییەکانیان، بارزانییەکان بەرلەوەی بەر ھەڵمەتی ئەنفال بکەون، لە ساڵانی حەفتاکان بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزران و دواتریش لە ساڵی ١٩٨٠ ھێنرانەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی قوشتەپە، دیانا، ھەریر و بەحرکە، ھەروەھا لە ھەردوو کۆمەڵگەی قودس و قادسیە نیشتەجێ کران، پاش تەواوبوونی قۆناغی یەکەم، لە قۆناغی دووەمدا گرتن و کۆکردنەوە و ڕاپێچکردنیان دەستی پێکرد، لە ڕۆژی ٣١-٧- ١٩٨٣ دەست کرا بە گرتنی کوڕ و پیاوانی بارزانییەکان پاشان گوێزرانەوە بۆ خوارووی عێراق.
مریەم عەبدوڵڵا، کە باوک و دوو کوڕ و زیاتر لە بیست کەسوکاری ئەنفالن، ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١-٧ کاتژمێر ٤ـی بەیانی بوو ھەر ئەوەندەمان دیت سوپای عێراق دەوروبەری کۆمەڵگەکەیان گەمارۆ داوە، باوک و دوو کوڕم چوونە دەرەوە و نەھاتنەوە، ھەرچی دەچوو نەدەھاتەوە. ئێمەش بە دوایدا چووین بۆ ئەوەی بزانین چییان بەسەر ھاتووە؛ دیتمان برای سەدام، بارزان و وەلید ئەلحاشی لەگەڵ سوپاکەدان، دەیان گوت، بە منداڵ و پیر و ئافرەت ھەمووتان دەبەین ئەوە فەرمانی سەدامە، پیاوەکان گوتیان ئێمە ببەن بەس ماڵ و منداڵەکانمان مەبەن و ھیچیان لێ نەکەن، ئەوەی ڕەگەزی نێرینە بوو ھەموویان بردن، سواری ئۆتۆمبێلی سەربازی کران و بردیان بۆ بەردەرگای ناحیەی قوشتەپە. دوای کاتژمێرێک مانەوە ئۆتۆمبێلەکان بەرەو کەرکووک بەڕێکەوتن، وێرای ئەوەی کە ھەموومان بە دوای ئۆتۆمبێلەکان کەوتین و داوامان کرد پیاوەکان ئازاد بکەن، بەڵام بێ سوود بوو و بێ ھیوا بووین و بە چاوی پڕ فرمێسکەوە گەڕاینەوە، ناوبەناویش فڕۆکە دەھات کۆمەڵگەکەمانی بوردومان دەکرد، بەو ھۆیەوە چەندین ئافرەت کوژران. ئەو ڕۆژە وەکو ڕۆژی حەشر وابوو، ھەر کەسە و ھاواری کەسوکاری خۆی دەکرد، بەڵام بێ سوود بوو.
مریەم، گوتیشی: دوای ئەنفالکردنی کەسوکاری ئێمە توشی ژیانێکی زۆر سەخت بووین، ئێستەش گێڕانەوەی ئەو ڕۆژە بۆ ئێمە ئەستەمە، بەڵام ئەو مامەڵە باشەی خەڵکی ھەولێر لەگەڵ ئێمەیان کرد، کەمێک لە خەمە گەورەکەی ئێمەی سووک کرد، ھەر چەندە بەعس ئەو کات سزای کوشتن و گوللە بارانکردنی ھەر کەسێکی دابوو کە ھاوکاری بارزانییەکان بکات، بەڵام ھەولێرییەکان گوێیان بەو ھەڕەشەی بەعس نەدا و تا لە دەستیان ھات یارمەتییان پێشکەش بە ئێمە کرد، کەسی وا ھەبوو خزمی خۆی نەدەبردە کار و دەیگوت، ھەتا ئافرەتێکی بارزانی ھەیە، خزم و کەسی خۆم ناھێنم. ھەتا دەمرین ھیچ کاتێک چاکە و مەردایەتیی ھەولێرییەکان لەبیر ناکەین، چونکە وەک باوک و برا بوون بۆ ئێمە.
کەمال ڕەھەم، کە باوک و برا و بە دەیان خزم و کەسی دیکەی ئەنفالن، گوتی: ھەرچی مرۆڤی نێرینەیە لە تەمەنی ١٠ تا ٨٠ ساڵی لە ھەرزەکار، گەنج، پیر، نەخۆش، پەککەوتە ڕژێمی بەعس دەستی نەپاراست لە گرتن و کۆکردنەوەی نزیکەی ھەشت ھەزار کەسی برد و ھەموو کۆمەڵکوژ کران، کاتێک کەسوکاری ئێمە ئەنفالکران، زۆر لە ھاوڕێیانم ئەوانەی لە تەمەنی دە ساڵان بەسەرەوە بوون، یان کەمێک باڵایان بەرز بوو دەستگیر کران بەزۆر لە ژێر ناڵە و گریان و دڕندەیی سەربازانی حکوومەت لە دایکیان جیا کرانەوە و بردیان، چاکم لە بیرە دایکێک دوای ھاوسەر و کوڕە گەورەکەی دەستگیر کران، کوڕە بچووکەکەی کە قوتابی سەرەتایی بوو، بە زۆر لەژێر دەستیان دەرھێنا، دایکەکە ھاواری دەکرد منداڵەکەی من بچووکە و قوتابییە، کەچی منداڵەکەیان ھەر برد، گووتیان دەبەینە لای باوک و برای دواتر بۆت دەھێنینەوە، دایکی ھەموو ڕۆژێک لە چاوەڕوانی ھێنانەوەی کوڕەکەی بوو، تا دواجا ھەر بەو چاوەڕوانییە ماڵئاوایی کرد.
ڕەھەم، دەشڵێ: دوای ئەنفالکردنی کەسوکاری ئێمە ڕۆژبەڕۆژ ژیان و گوزەرانی ئێمە ناخۆش دەبوو، ئاو، کارەبا، خواردن و خواردنەوە، خوێندن و تەندروستی لەسەر ئێمە قەدەغە کرا، بەھۆی سەختی بژێوی ژیان، سەدان منداڵ لە خوێندن دابڕان، دوژمن وای زانی بە کۆمەڵکوژیکردنی بارزانییەکان دەتوانێ کاریگەریی و فشار بخاتە سەر چەقی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد، بەڵام سەرباری گەورەیی قەبارەی کارەساتەکە، کەچی دوژمنان ئەو خەونەشیان لەگەڵ خۆیان بردە گۆڕ. دوای بیست ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق نە داوای لێبووردنیان لە ئێمە کردووە، نە قەرەبووشیان کردوونەتەوە، بۆیە داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین حکوومەتی عێراق ناچاربکات قەرەبوومان بکاتەوە و ڕووفاتی ئازیزانمان بۆ بھێنەوە.