لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پاش بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی وێستگەی 29 مێگاواتی هەولێر لەبارەی پیسکردنی ژینگەوە، بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی کارەبا بەدواداچوونی بۆ کرد.
ڕاشیگەیاند: لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانەوە پێمان ڕاگەیەنرا ئەم یەکەیەی بەرهەمهێنانی کارەبا پاش پرۆسەی چاککردنەوە، لە یەکەم کارپێکردنیدا بۆ ماوەی پێنج خولەک تا بەستنەوەی بە تۆڕی کارەباوە دووکەڵێکی زۆر دەکات و دواتر دەگەڕێتەوەسەر دۆخی ئاسایی خۆی.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش داوە کە کۆمپانیای کارپێکردنی وێستگەکەش لە کەمکردنەوەی شوێنەوارەکانی ئاگادار کراوەتەوە.