پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەگەڵ شەش حزب هاوپەیمانی پێکدەهێنێت

دەشتی ئیسماعیل – هەولێر

یاریدەدەری بەپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک –  گەرمیانی پارتی دەڵێت، لەگەڵ شەش حزب هاوپەیمانی پێکدەهێنن و بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا دەکەن. ئاماژە بەوەش دەدات، گفتوگۆیان لەگەڵ یەکێتی نەکردووە بۆ ئەوەی بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی تەممووزی 2023، محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک –  گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، “لە هەوڵداین ئەو هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ شەش حزبی کوردی کەرکووک پێکمانهێناوە، ئەمڕۆ لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆماریبکەین. ئەگەر پارتی بە تەنهاش بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکات، ئەو لایەنانە هەر لەگەڵ پارتی دەبن، هیچ کێشەیەکیان نابێت و هەوڵدەدەین زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنین”.

لەبارەی ئەوەی ئایا پارتی لەگەڵ یەکێتی گفتوگۆی کردووە بۆ ئەوەی بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکات یان نا، محەممەد خورشید ئاماژەی بەوە دا، “وەکو مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک –  گەرمیانی پارتی گفتوگۆمان لەگەڵ یەکێتی نەکردووە بۆ ئەوەی بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکەین. تا ئێستا شەش حزبی فەرمی کەرکووک، کە ئیسلامی، نەتەوەیی و چەپی تێدایە؛ ئامادەیی خۆیان نیشانداوە لەگەڵ پارتی هاوپەیمانی پێکبهێنن.”

هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە وەکو ئەوەی محەممەد خورشید باسی دەکات، “ژمارەیەک مەرج و ئاستەنگی لە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژارنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک داناوە.” بەگوتەی محەممەد خورشید، یەکێکی دیکە لە بەربەستەکان لە بەردەم هەڵبژاردنەکە لە کەرکووک، “نەبوونی ئازادییە، بەتایبەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان.”

یاریدەدەری بەپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک –  گەرمیانی پارتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەیەک رێنمایی زۆر ئاڵۆزی بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان دەرکردووە، بۆیە دیار نییە دەتوانن ئەمڕۆ ناوی هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ شەش حزبەکەی دیکەی کەرکووک لە کۆمیسیۆن تۆماربکەن یان نا و هیواخوازن کۆمیسیۆن ماوەی تۆمارکردنی ناوی حزب و هاوپەیمانێتییەکان درێژبکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ یەكشەممە 30ـی تەممووزی 2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، سبەی دووشەممە ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنەکە لەبارەی “ئەگەری” درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی ناوی حزب و هاوپەیمانێتییەکان کۆدەبێتەوە.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، لەلایەن زۆرێک لە حزب و سیاسییەکانەوە داوایان لێ دەکرێت ماوەکە درێژبکرێتەوە، بۆیە سبەی بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە کۆدەبنەوە و دەڵێت، ئەگەر ماوەکە درێژیش کرایەوە، “پێویستە ماوەیەک بێت کاریگەری نەکاتە سەر ئامادەکارییەکان و پڕۆسەی هەڵبژاردن”.

پێشتر گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاندبوو، تا ئێستا نزیکەی 280 حزبی سیاسی و 24 هاوپەیمانێتی ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکردووە. گوتیشی، لەو 24 هاوپەیمانێتییەی تۆمارکراون، 15یان نوێن و 9ـی دیکەشیان کۆنن.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رۆژی شەممە 1ـی تەممووزی 2023ەوە دەرگای بەڕووی حزب و هاوپەیمانێتییەکاندا کردەوە بۆ ئەوەی ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تۆماربکەن و کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەو وادەکە کۆتایی دێت.

بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و 285 کەس بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵدەبژێردرێن. هەڵبژاردنەکە لە هیچ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان ئەنجامنادرێت.