به‌ تێچووی زیاتر له‌ نۆ ملیار دینار، هه‌فته‌ی ڕابردوو لە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان یازده‌ پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش كراوه‌

چواس خالید – هەولێر

له‌ حه‌فته‌ی ڕابردوودا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ نۆ ملیار و په‌نجا و چوار ملیۆن دینار، یازده‌ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری وەک ڕۆنانی ڕێگاوبان، قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قام، پڕۆژه‌كانی ئاو، پاككردنه‌وه‌ و لێدانی بیری ئاوی خواردنه‌وه‌ جێبه‌جێ كردووه‌.

جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی به‌رده‌وامه‌ و ته‌نیا له‌ ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا، به‌ گوژمه‌ی نۆ ملیار و په‌نجا و چوار ملیۆن و هه‌شت سه‌د و حه‌فتا و نۆ هه‌زار و دوو سه‌د و حه‌وت دینار، یازده‌ پڕۆژه‌یی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێكراون.
له‌ حه‌فته‌ی ڕابردوودا زیاتر له‌ سێ ملیار دینار، بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری له‌ پارێزگای دهۆک وەک پڕۆژه‌ی ئاوی دهۆك، پڕۆژه‌ی ئاوی ده‌وروبه‌ری دهۆك و پڕۆژه‌ی ئاوی ئاكرێ، تەرخان كراوه‌.
جیا له‌وانەش و هه‌ر له‌ دهۆك، زیادتر له‌ دوو سه‌د ملیۆن دینار بۆ بنیاتنانی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری خه‌رج كراوه‌. به‌پێى فه‌رمانی وه‌زاری به‌ ئیمزای ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی گوژمه‌ی زیادتر له‌ دوو سه‌د و ده‌ ملیۆن دینار بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی دهۆك، درا.
ئه‌و گوژمه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٠٠%ی فرۆشتنی زه‌وی ڕوكنی شاره‌وانی و ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی شاره‌وانییه‌ له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی دهۆك، بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قام و كۆنكرێتكردنی كۆڵان.
به‌ مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدان و زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ سنووری شاری زاخۆ، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، فه‌رمانێكی وه‌زاری ده‌ركرد، بۆ خه‌رجكردنی، سێ سه‌د و شه‌ست و شه‌ش ملیۆن و حه‌وت سه‌د و شه‌ست و هه‌شت هه‌زار دینار، بۆ دروستكردنی باخچه‌یه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كی جگه‌ر خوێن.
بڕی دیاریكراو له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی زاخۆیه‌، كه‌ به‌پێی ڕێنماییه‌كانی دارایی تایبه‌ت به‌ داهات، فه‌رمانی خه‌رجكردنی بۆ ده‌رچووه‌.
هەر له‌ سنووری پارێزگای دهۆك، به‌ گوژمه‌ی ملیارێك و سه‌د و شه‌ست و یه‌ك ملیۆن دینار، پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌و و قیرتاوكردنی كۆڵانه‌كانی شیلادزێ و سیریێ له‌ سنووری پارێزگای دهۆك جێبه‌جێكرا.
گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و به‌ چاودێری و سه‌رپه‌رشتیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی دهۆك و شاره‌وانی شیلادزێ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی هاووڵاتیانی شاری كفری، به‌ گوژمه‌ی چوار سه‌د ملیۆن دینار و به‌زووترین كات، ده‌ست به‌ لێدانی پێنج بیری ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ شاری كفری ده‌كرێت.
له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی ڕاسپارد به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا كاره‌كانی لێدانی بیری ئاو له‌ شاری كفری ته‌واو بكرێت.
هه‌ر له‌ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا، به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری شاره‌وانی خانكێ به‌ دروستكردنی ڕێگاوبان، زیادتر له‌ ملیارێك و هه‌ژده‌ ملیۆن دینار ته‌رخان کرا.
گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٠٠%ی داهاتی فرۆشتنی زه‌وی ڕووكنی شاره‌وانی سەر بە سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی خانكێیه‌، كه‌ له‌ پلانی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی دروستكردنی شه‌قامی ناوخۆیی له‌ خانكێ و له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی دهۆك هاتووه‌.
هاوكات له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر، ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قامێكی سه‌د مه‌تری له‌ نێوانی پێنجی حه‌سارۆك و هه‌شتی حه‌سارۆك كرا.
به‌ گوژمه‌ی ملیارێك و حه‌فتاو چوار ملیۆن دینار، له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێر، ده‌ستكرا به‌ بنیاتنان و قیرتاوكردنی شه‌قامی سه‌د مه‌تری نێوان پێنجی حه‌سارۆكان و هه‌شتی حه‌سارۆكان، كه‌ مه‌وداكه‌ی دوو كیلۆمه‌تره‌، ئه‌و شه‌قامه‌ گه‌ڕه‌كی پێنجی حه‌سارۆكان به‌ شاقامی سه‌ره‌كی هه‌ولێر- كۆیه‌ و شه‌قامی شه‌ست مه‌تری و هه‌شتی حه‌سارۆكان ده‌به‌ستێته‌وه‌.
جیا له‌وانه‌ و هه‌ر له‌و حه‌فته‌یه‌دا، گوژمه‌ی زیادتر له‌ سێ سه‌د و بیست و حه‌وت ملیۆن دینار بۆ قیرتاوكردنی شه‌قام له‌ شارۆچكه‌ی چوارقوڕنه‌ خه‌رج ده‌كرێت.
به‌ مه‌به‌ستی نۆژه‌نكرنه‌وه‌ و قیرتاوكردنی شه‌قام له‌ شارۆچكه‌ی چوارقوڕنه‌، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، فه‌رمانێكی وه‌زاری ده‌ركرد بۆ خه‌رجكردنی گوژمه‌ی سێ سه‌د و بیست و حه‌وت ملیۆن و چوار سه‌د و حه‌فتا هه‌زار دینار.
بڕی ته‌رخانكراو له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٠٠%ی داهاتی فرۆشتنی زه‌وی ڕوكنی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی چوارقوڕنه‌ و به‌پێی ڕێنماییه‌كانی دارایی تایبه‌ت به‌ داهات، پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و قیرتاوكردنی شه‌قامی سه‌ره‌كی ناو بازاڕی چوارقوڕنه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هاووڵاتیان، به‌ ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و فه‌راهه‌مكردنی ژینگه‌یه‌كی پاك و ته‌ندروست و پاكڕاگرتنی سیمای ته‌واوی ناوچه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌مان، به‌ فه‌رمانی ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ڕه‌زامه‌ندی درا به‌ ته‌رخانكردنی ملیارێك و چوار سه‌د و هه‌شتا و شه‌ش ملیۆن و شه‌ش سه‌د و چل و یه‌ك هه‌زار و دوو سه‌د و حه‌وت دینار، به‌ مه‌به‌ستی خاوێنكردنه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ و داپۆشینی خاشاكی شه‌ش زۆنی سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی.
ئه‌و گوژمه‌یه‌ بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌سه‌ر بودجه‌ی ئاسایی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی خه‌رج ده‌كرێت.