سەرژمێرییەکە بۆ کورد بە گرنگ هەژمار دەکرێ

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سەرژمێریی دانیشتووان کە بڕیارە لە کۆتایی ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت، هەنگاوێکی زۆر گرنگ و دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی کورد بتوانێت لە چوارچێوەی ئەو سەرژمێرییەدا بەشێکی زۆر لە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکاتەوە و وێڕای سوودوەرگرتن لە ئامارەکە بۆ پلانەکانی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، دەتوانێت بەشێوەیەکی یاسایی ماف و شایستەداراییەکانی دەستەبەر بکات.

دواجار کە لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی دانیشتووان کرابێت ٣٦ ساڵ لەمەوبەر بوو و بە پێی دواین بڕیاری حکوومەتی عێراق بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوو، سەرژمێرییەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت.
وەزارەتی پلاندانانی عیراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی سەرژمێری و نوێنەرانی وەزارەتەكان وادەکەیان دەستنیشان کردووە و سەرجەم گرفتەكانی پەیوەست بە سەرژمێری یەكلا كراونەتەوە، هەوڵەكانیش بۆ چارەكردنی لایەنی دارایی بەردەوامە و ئامانج ئەوەیە نەتەوەیەكگرتووەكان لەم سەرژمێرییەدا ڕۆڵ بگێرێت.
دەبوایە هەموو ١٠ ساڵ جارێک لە عێراق سەرژمێری بکرێت بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییەک بۆ پڕۆژە و پلانەکانی پێوەندیدار بە پەروەردە و گەشەی شار و ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری و دەرفەتی کار و پڕۆژەکان دابنرێت، بەڵام ئەم ڕەوتە تا دەیەی هەشتا بەردەوام بووە و ساڵی ١٩٩٧ سەرژمێرییەکە بە بێ هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
هەرێمی کوردستانیش لەوەتەی دامەزراوە هیچ سەرژمێرییەکی بۆ دانیشتووانەکەی نەکردووە و ئەو ئامارانەی لەبارەی دانیشتووان و زۆر پرسی تر بڵاو دەکرێنەوە، زیاتر خەمڵاندنن و لە هەندێک حاڵەتیشدا پشت بە پسوولەی خۆراک دەبەسترێت.
سەرژمێری بریتیە لەڕووپێوێکی گشتی هەمەلایەنە، کە زانیاریی پێویست لەسەرکۆی دانیشتووان کۆ دەکاتەوە و لە سەرژمێرییەکەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت ژمارەی دانیشتووان چەندە؟ چەندیان نێر و چەندیان مێن؟ چ ژمارەیەکیان خوێندەوارن و بەسەر چ جۆرە ئاست و بڕوانامەیەکدا دابەش دەبن؟ باری خێزانی و ئابووری و کۆمەڵایەتی چۆنە؟ ژمارەی ئەو کەسانەی هاوسەرگیرییان کردووە چەندە. چەند کەس بێکارن و چەند کەسیش لە تەمەنە جیاوازەکان کار دەکەن، جۆری مەزهەب و نەتەوەکان چین و پێکهاتەکان چ رێژەیەک لە دانیشتووان پێک دێنن؟ دانیشتووانی گوندەکان چەندن و چ ژمارەیەکیش لە شارەکان نیشتەجێن؟ دەیان پرسیاری تر هەن کە لە سەرژمێرییەکەدا بەڕوونی وەڵام دەدرێنەوە و لانی کەم بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو دەبنە بناغەی پلان و بەرچاوڕوونیی حکوومەتەکان بۆ پەرەپێدانی بوارە جیاوازەکان و پڕکردنەوەی کێشە و کەم و کورتییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە ڕاستیدا سەرژمێری ئامرازێکە پلانی کاری دەوڵەتی لەسەر بنیات دەنرێت و تا بە وردی ئامار لەبەردەستی بەڕێوەبەران و سیاسەتمەداران نەبێت، ناتوانن بڕیاری گونجاو لەبارەی کار و پلانەکانیان دەربکەن. ئێستا کە جیهان زۆر گۆڕاوە و مرۆڤ لە سەردەمی تەکنەلۆجیای پێشکەوتودا دەژێت، هەبوونی ئامار بە پشتبەستن بە سەرژمێری بە پێویستییەکی زۆر هەنووکەیی هەژمار دەکرێت.
پێویستە بگوترێ بڕیار بووعێراق لە ساڵی 2020داسەرژمێریی گشتی بەڕێوە ببات، بەڵام بە هۆکاری جیاواز لەوانەش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و هەندێک کێشە و قەیرانی ناوخۆیی نەتوانرا ئەوە بکرێت.
سەرژمێریی ئەم جارەی عێراق بۆ کورد زۆر گرنگە چونکە یەکەم جارە لەدوای نزیکەی چوار دەیە دەکرێت و بەهۆیەوە دەکرێ و بەشێک لە ماف و ئیمتیاز و پشکە سەرەکییەکانی لە عێراق بەو سەرژمێرییەوە گرێ دراوە، بۆ نموونە لە بودجەی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان بە ١٢.٦٧% دەستنیسان کراوە و ئەگەر لە سەرژمێرییەکە ژمارەی دانیشتووان بەراورد بە عێراق زیاتر دەرچێت ئەوا پشکی بودجەی هەرێمی کوردستانیش زیاد دەکرێت.
خاڵێکی گرنگی تری سەرژمێری ئەمجارە ئەوەیە، لە ڕابردوودا ئەو سەرژمێرییانەی کراون زیاتر ڕەنگی سیاسییان پێوە دیار بووە و بە مەبەست لە ژمارەی کوردیان کەم کردووەتەوە و دیموگرافیی شارەکانیان پێ گۆڕیوە بەڵام دەکرێ ئەم جارە وێنەیەکی ڕاستەقینە لە ئامار و ژمارەی دانیشتووانی کورد و غەیرە کورد لە هەرێمی کوردستان و سنووری مادەی ١٤٠ و پارێزگا جیاجیاکانی عێراق پێشان بدات.