وەزارەتی تەندروستی ڕوونکردنەوە لەبارەی دەرمانە ژەهراوییەکەی منداڵان دەدات

لە ڕوونکردنەوەیەکدا د. سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق سەبارەت بە دەرمانی (کۆلد ئاوت) ڕایگەیاند: دەرمانی (Cold Out) لە وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆمار نەکراوە، فرۆشتنی دەرمانەکە بە پێشێلکردنی یاسا دادەنرێت.

ڕاشیگەیاند: ناتوانرێت بازرگانی بە هیچ جۆرە دەرمانێک بکرێت یان دروست بکرێت، بەبێ ئەوەی تۆمار بکرێت بەپێی ئەو ڕێکار و کۆنترۆڵە یاسایی و زانستییانەی کە وەزارەتی تەندروستی پەسەندی کردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لەمبارەیەوە هۆشداریی دا کە لە ئەگەری گرتنی هەر سەرپێچییەک، بەپێی قەبارە و جۆری سەرپێچییەکە و بەپێی ئەو یاسایەی کە لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە کارپێکراوە بۆ چاودێریکردنی مامەڵەی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان، سزا دەدرێن.

دوێنێ هەینی، (کوردستان تیڤی) هەواڵێکی لەبارەی دەرمانی (کۆلد ئاوت) بڵاو کردەوە، کە لە لە تاقیگەی (Valisure)ـی ئەمریکی  پشکنین بۆ دەرمانی کۆلد ئاوت کراوە و دەرکەوتووە بە ڕێژەی 2.1%ـی (ئیسیلین گلایکۆل)ـی تێدایە، کە ئەم ڕێژەیە نزیکەی 21 هێندەی سنووری قبوڵکراوی ئیسیلین گلایکۆلە، بڕێکی کەم لەم ماددەیە بۆ مرۆڤ کوشندەیە و ڕۆڵی لە مردنی بەکۆمەڵی منداڵان هەبووە.