قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە ناحیەی دارەتووی هەولێر کرایەوە

قوتابخانەیەکی 18 پۆلی بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار لە گەڕەکی ژینی دارەتوو کرایەوە. وەزیری پەروەردە رایدەگەیەنێت، قوتابخانەکە بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەکەوێتە خزمەتی قوتابییاندا؛ پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، قوتابخانەکە “لە گەڕەک و جێگەیەکی زۆر پێویست” کرایەوە.

ئەمڕۆ شەممە 29ـی تەممووزی 2023، قوتابخانەی “ژینی نوێی بنەڕەتی تێکەڵاو” بە شێوەیەکی فەرمی لە گەڕەکی ژینی ناحیەی دارەتووی سەر بە پارێزگای هەولێر کرایەوە و پێشکەشی هاووڵاتییانی ئەو گەڕەکە کرا. قوتابخانەکە لە 18 پۆل پێکدێت، لەلایەن کۆمپانیای ‘هەپی لاند’ و لە ماوەی 16 مانگ (ساڵ و نیوێکدا) بە گوژمەی دوو ملیار و 100 ملیۆن دینار دروستکراوە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەدەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لەبارەی کردنەوەی قوتابخانەکە گوتی، دروستکردنی قوتابخانەی ژین “یەکێک بووە لە پێویستییە سەرەکییەکان”ـی گەڕەکەکە و دانیشتووانی ناوچەکە بەهۆی نەبوونی باڵەخانەی قوتابخانە لە ناوچەکەیان، ناچاربوون منداڵەکانیان بۆ قوتابخانەی ساسان ببەن و ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر قوتابخانەکە دروستکردبوو.

کردنەوەی قوتابخانەی “ژینی نوێی بنەڕەتی تێکەڵاو” وەکو ئەوەی وەزیری پەروەردە باسی دەکات، تێچووی گواستنەوە لەسەر قوتابییانی گەڕەکەکە کەمدەکاتەوە و رێگەی هاتووچۆشیان ئاسانتر و کورتر دەبێتەوە. ئاماژەی بەوەش دا، زیاتر لە هەزار قوتابی دانیشتووی گەڕەکی ژین و گەڕەکەکانی دیکەی دارەتوو سوود لە قوتابخانەکە وەردەگرن.

رۆژی چوارشەممە 13ـی ئەیلوولی 2023، ساڵی نوێی خوێندنی 2023/2024 لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان “جگە لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان” دەستپێدەکات. رۆژانی 13 و 14ـی ئەیلوول دەست ناکرێت بە وانەگوتنەوە و لەلایەن مامۆستایانەوە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندن دەکرێت و رۆژی 17ـی ئەیلوول بە شێوەیەکی فەرمی پڕۆسەکە دەستپێدەکات.

ئالان حەمە سەعید سوپاسی کۆمپانیای هەپی لاندی کرد، کە قوتابخانەکەی دروستکردووە و رایگەیاند، کۆمپانیاکە لە ماوەی 16 مانگدا،  بە کواڵێتییەکی بەرز و کەمتر لەو ماوەیەی بۆی دیاریکرابوو، توانی قوتابخانەکە تەواوبکات. ئەمەش وەکو ئەوەی وەزیری پەروەردە باسی کرد، “بۆ ئەوەی قوتابخانەکە فریای ساڵی نوێی خوێندنی 2023 و 2024 بکەوێت و قوتابیان لێی سوودمەندببن.”

وەزیری پەروەردە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا “86 قوتابخانەی نوێ دروستکران و هەزار و 503 قوتابخانەش نۆژەنکراونەتەوە و دەیان قوتابخانە ئێستا کاریان تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی تا شەش مانگی داهاتوو ئامادەبن. هاوکات 452 ژووری نوێ لە چوارچێوەی سیاسەتی فراوانکردنی قوتابخانەکان و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی دروستکراون”.

هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەکەدا، لە گوتارێکدا رایگەیاند، “لە گەڕەک و جێگەیەکی زۆر پێویست قوتابخانەیەکی 18 پۆلی کرایەوە، دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانی ئەم سنوورە و دەبێتە هۆی بەرەوپێشوەبردنی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە سنووری پارێزگای هەولێر”.

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی دارەتوو، 48 قوتابخانە لە سنووری ناحییەکە هەن. پارێزگاری هەولێر هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، “گەڕەکی ژینی دارەتوو یەکێک لەو گەڕەکانەیە کە ئێمە لە چوارچێوەی پلانەکانی  حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە پێناو گرنگیدان بە گەڕەکە هەژارنشینەکان و ئەو شوێن و گەڕەکانەی پێویستییان بە دابینکردنی خزمەگوزاریی زیاترە، ساڵی رابردوو و لە چوارچێوەی بەرنامەکانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر چەند پڕۆژەیەک لەم سنوورە جێبەجێکراون و چەند پڕۆژەیەکی دیکەش لە پلاندان”.

ناحیەی دارەتوو دەکەوێتە سەر بە قەزای دەشتی هەولێر لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر. لە 15 گوند و شەش گەڕەک پێکدێت. بە گوێرەی ئەو ئامارەی لە راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی دانیشتووانی دارەتوو زیاتر 105 هەزار کەسە و لە زیاتر لە 25 هەزار خێزان پێکدێت.