بە گوژمەى 21 ملیار و 400 ملیۆن دینار سایلۆی گەرمیان تەواو کراوە

گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ، یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا کار بۆ دروستکردنی چەندین سایلۆ کرا، ئەوەش لە پێناو بونیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز لەو بوارەدا.

دروستکردنی سایلۆی گەرمیان، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و لە شاری کەلار و بە گوژمەی ٢١ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینار دروست کراوە و تواناى بەکۆگاکردنی ٤٠ هەزار تۆن گەنمی هەیە.

کاروان ڕەئووف، بەڕێوەبەری سایلۆکە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: ”سایلۆی گەرمیان یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری ئاسایشی خۆراک و ئێستا لە وەرزی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانین و ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکەین.”

بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان، ئاماژەی بەوەش دا “سایلۆکە پێویستیی بە کارمەندی زیاتر هەیە و هیوای خواست ئەو کارمەندانەیان بۆ زیاد بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین تەواوی پرۆژەکە بخەنە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.”

لە ساڵی ٢٠١٩ کارکردن لە پرۆژەکەدا دەستی پێ کردووە و لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢١ تەواو کرا، کە لە ١٦ کۆگا پێک هاتووە و ڕووبەرەکەی ٢٠ دۆنم زەوییە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری