لێدوانی وەزیری پەروەردە سەبارەت بە مامۆستایانی وانەبێژ و گۆڕانکارییەکانی پرۆگرامی خوێندن

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆنوسێکیان سەبارەت بە مامۆستایانی وانەبێژ ئامادەکردووە لەناو کۆنوونووسەکەدا هەڵسەنەنگاندنی ئەوەیان کردووە کە بکرێنە گرێبەست چەندی پارەی پێویستە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژانامەوانیدا رایگەیاند، بۆ ساڵی نوێی خوێندن نزیکەی 20 ملیۆن کتێب بۆ قوتابیان و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان چاپ دەکرێت.

سەبارەت بە بودجەی چاکردنی کتێبەکان، وەزیری پەروەردە باسی لەوەکرد، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی داوە لەسەر تەرخانکردنی 23 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ چاپکردنی کتێبی نوێ.

سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی نێو پرۆگرامی خوێندن بۆ ساڵی 2023 – 2024، ئالان حەمە سەعید ئاشکرای کرد، بابەتی دەروونزانی بەشێوەزای تێست تاقیدەکرێتەوە و زمانی کوردی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی گۆڕانکاری بەسەردا کراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، وانەی کۆمەڵایەتی پۆلەکانی (4، 5، 6)ـی بنەڕەتی، و هەردوو بابەتی مافی مرۆڤ و جینۆساید گۆڕانکارییان بەسەردا کراوە.