بەیاننامەی پارتە کوردستانییەکان لە دەرەوە


جێگای داخ و نیگەرانییەکی زۆرە کە لەڕۆژانی ٢٢ تا ٢٤/٧/٢٠٢٣ کە بەناوی کۆنفرانسی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان لە وڵاتی سویسرا کە لەلایەن پەکەکەو چەند لایەنێک ڕێکخرابوو، تەنها سووکایەتی کردن بوو بە مێژووی (١٠٠) ساڵەی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
هەڵواسین و نیشاندانی چوار ئاڵای جۆراوجۆر لە هۆڵی کۆبوونەوەکان و ناوهێنانی گەلانی کوردستان لە جیاتی گەلی کوردستان و دانانی ئاڵای بۆ هەر بەشێکی کوردستان، ئەجندای نامۆو گوماناوی چەند کەس و لایەنێکن، کە تەنها مەبەستیان لێکترازان و چەسپاندنی پارچەبوونی کوردستانەو هەروەها درز خستنە ناو ڕیزەکانی گەلی کوردستانە..
ئەو بەیاننامەیەی کە چەند کەس و لایەنێک لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا دەریان کردووە درێژەپێدان و قبووڵکردنی ئەو پەیماننامەیەیە کە زوڵمێکی گەورەی لە نەتەوەکەمان کرد.
ئەمەی ئەوان کردیان بێڕێزیکردنە بە خوێنی شەهیدان و گەل و ئاڵاو خاکی کوردستان.
جێگای داخە کە چەند لایەنێک لە پێشتر بەحیساب خەباتیان کردووەو قوربانییان داوە بەشێکن لە حوکمڕانی کوردستان و خۆیان بە نیشتمان پەروەر دەزانن و ئەم دابەشکردنەو بێڕێزیەیان بە ئاڵای کوردستان و پێشمەرگە پێ قبووڵ بووەو هەڵوێستیان نەبووە.
ئێمە گەلێکی دابەشکراو و ستەم لێکراوین و دەبێ هەموو لایەکمان کار بۆ ئەوە بکەین هێماو بەهاو ئاڵای هاوبەشمان هەبێت.
پێشمەرگەو ئاڵاو خاکمان سیمبوڵی یەکگرتوویی و مانەوەمانن و وە دەبێ بپارێزرێن.
پێشمەرگە لەژێر ئاڵای کوردستان توانی، دژ بە داعش کە دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی جیهان بوو قارەمانانە جەنگاو بووە بەرگریکاری مرۆڤایەتی.
خاکی کوردستان پەناگەی ئارامی سەرجەم کوردستانییانی پارچەکانی کوردستان بووە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاوکاری کراون.
بۆیە پاراستنی ئەم ئەزموونەی کوردستان و هێماو بەهاکانی ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقی هەر تاکێکی کوردە.
لەبەرئەوە ئێمە وەک پارتە کوردستانییەکانی دەرەوە چیتر ئەو بێڕێزییە بە خوێنی شەهیدان و ئاڵای کوردستان قبووڵ ناکەین و ئەو جۆرە ڕەفتارانە شەرمەزار دەکەین.
پارتە کوردستانییەکان لەدەرەوە:-
١- پارتی دیموکراتی کوردستان
٢- حزبی دیموکراتی کوردستان-باکور .
٣- پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا (پەدەکەسە).
٤- ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە).
٥- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.
٦- پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا
٧- پارتی ئازادی کوردستان (پاک).
٨- پارتی شەپێلا پاشەڕۆژی کورد لەسوریا.
٩- پارتی سەربەخۆیی کوردستان .
١٠- پارتی یەکێتی کوردستانی سوریا لەئەوروپا.

سێشەممە
٢٥/٧/٢٠٢٣