بڕیارە سبەی (پێنچشەممە 27ـی تهمموزی 2023) لە دادگای مێردینی باکووری کوردستان، یەکەم دانشتنی دادگاییكردنی بکوژانی رووداوەکەی شارۆچکەی نسێبین بەرێوەبچێت.
حەربی جەڵالەددین نوێنەری هەردوو خێزانی قوربانییەکان، بۆ کوردستان24 رایگەیاند، دانشتنی دادگا لە کاژمێر 9:30 سەر لە بەیانی لە دادگایی مێردین بە ئامادەبوونی بکوژان کە پێنچ تاوانبارن بەرێوەدەچێت، کە دهبێتە یەکەم دانشتنی دادگا لە سەر کەیسەکە.
حەربی جەلالەددین دووپاتیکردهوه، ئەوان وەک خێزانی قوربانییەکان لەگەڵ پارێزەرەکانیان لە دانیشتنەکە ئامادە دەبن و داوا دەکەن، دادگا لە سزادانی تاوانباران رۆڵ بگێرێت و راستی پشت ئەم رووداوەش بۆ خێزانی قوربانییان و رای گشتی ئاشکرا بكات.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 19-01-2023 لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، “پێنچ هاووڵاتی خەڵکی شاری دهۆک” لە ئۆتۆمبێلێکدا لە لایەن چەند کەسێکەوە شەهیدکران. لە کاتێکدا ئەو هاووڵاتیانەی باشووری کوردستان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی چووبوونە تورکیا.
رووداوەکە لە سەر رێگەی سەرەکی نوسێبین – مێردین لە باکووری کوردستان روویدابوو.
دوای رووداوەکە هێزه ئەمنییەکانی تورکیا پێنچ کەسیان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکردووه، کە دوویان تاوانباری سەرەکین و سێی دیکەش هاوکارن و سبەی یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی بکۆژەکان بەرێوەدەچێت.